مه‌كته‌بی سیاسی پارتی راگه‌یه‌نراوێك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بڵاو ده‌كاته‌وه‌

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی بە کردار و بە بڕواوە باوەڕی قووڵی بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیە و گەل بە سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: سەبارەت بە هەڵوێست و هەوڵ و کۆشش و دەستپێشخەری و گفتوگۆکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی لەمساڵدا، چیتر کات بە فیرۆ نەدان و رێگری لەو کۆسپ و تەگەرانەی بۆ هەڵبژاردن دروست دەکرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ رای گشتی ناوخۆیی و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەولەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، روون دەکەینەوە:

1. پارتیمان بە کردار و بە بڕواوە باوەڕی قوڵی بە پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات هەیەو گەل بە سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد دەزانێت. وتاری سەرۆک بارزانی لە نەورۆزی 1991 لە کۆیە کە تیایدا جەنابیان بە ڕوونی داوای دامەزراندنی حوکمی قانون و هەڵبژاردنی ئازادو گۆڕینی شەرعیەتی شۆڕشگیڕی بۆ شەرعییەتی یاسایی، بناغەی هەڵوێست و کۆششی پارتیمان بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بە شانازییەوە بەر لە سێ رۆژ 31 ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان تێپەری.

2. دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەر لە 6/11/2022 ئەنجامبدرایە و لەم سۆنگەیەشەوە رێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومی هەرێمی لە ساڵی 2022دا، بەر لە تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمان، رۆژی هەڵبژاردنی دیاری کرد. فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 3/11/2021 وە هەموو هەوڵ و کۆششی پەرلەمانی و یاسایی و سیاسی خۆی خستبووە گەر، تاوەکو سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەکاری بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بکەن. هەر لەپێناوی ئەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی 2022 لە کاتی خۆیدا بکرێ، پارتیمان رەزامەند بوو کۆمسیۆن بە هەمان پێکهاتەی خۆی متمانەی پێ بدرێتەوە و دوو پۆستە بەتاڵەکەی کۆمسیۆن پڕ بکرێتەوە. بەداخەوە فراکسیۆنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن و بە ناچاری، زۆربەی هەرەزۆری فراکسیۆنەکان بەر لە 6/11/2022، بە یاسای ژمارە (12)ی 2022 لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (11)ی رۆژی 9ی10ی2022، یاسای بەردەوامیی خولی پێنجەم تا 31ی 12ی 2023 دەنگی لەسەردرا. هەر لەم یاسای ژمارە (12)دا بەڕوونی هاتووە کە پێویستە پەرلەمان هەنگاو بنێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ساڵی 2023.

3. لە پێناوی ئەوەی لە 2023 دا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، لە کۆبوونەوەی 18ی1ی2023ی مەکتەبی سیاسی پارتیمان، لە راگەیەندراوی فەرمی کۆبوونەوەکەدا، هەڵوێستی پارتیمان راگەیەندرا بەوەی پارتیمان رەزامەندە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوەو داواکاری و پێشنیازی لایەنەکانی دیکەش لە بابەتی فرەبازنەیی، تۆماری بایۆمەتری عێراق کە هەڵبژاردنی ١٠ی 10ی2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێکرا، سود وەرگرتن لە ئامارەکانی عێراق بکرێنە بنەمای هەمواری یاسای هەڵبژاردن. لە مانگی 1و2ی ئەمساڵ چەندین جار هەڤاڵانمان لە پەرلەمان هەوڵیاندا دانیشتنی نائاسایی بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژارن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بەڵام بەداخەوە جددیەت لە هەندێ لایەنەکانی دیکە نەبینرا بۆ سازدانی ئەو کۆبوونەوانەی پەرلەمان.

4. لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وەرزی بەهارەی خولی پێنجەم لە 1ی3ی2023، فراکسیۆنی پارتیمان پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پێشکەش کرد، بەڵام بەداخەوە رێگری کرا لەوەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەنجامبدرێ.

5. مەکتەبی سیاسی پارتیمان و هەڤاڵانمان لە پەرلەمان لە گفتوگۆی بەردەوامدا لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و لایەنەکانی دیکە بەردەوام لە هەموو کۆبوونەوەو دیدارە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان و دیداری نێردەی وڵاتان، جەختمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن رابگەیەنێت و خوێندنەوەی یەکەم بکرێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن کە پێشنیازی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بەشێک لە پێکهاتەکان بووە، بەڵام بەداخەوە ئەو ئامادەییە بۆ راگەیاندنی دانیشتن بۆ بابەتەکانی هەڵبژاردن نەبینرا.

دڵخوازەكانتان