مەسرور بارزانی: هیچ شتێک نابێت رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات
ئەمڕۆ دووشەممە (22ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی گوتارێکدا لە ئاکرێ رایگەیاند، “ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، دەستخۆشی لە ئەندامانی پەرلەمان دەکەم بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە گرنگە، چونکە بەڕاستی شەرعییەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دۆستەکانمانەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەوتبووە ژێر پرسیارەوە؛ ئایا خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە یان نا”.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کێشە هەبێت، چارەسەریش دەکرێت، بەڵام هیچ شتێک نابێت رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات، بۆیە ئەم بڕیارەی دراوە، پشتڕاستکردنەوەیەک بوو، کە خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.