جوان رۆژبەیانی: ئەگەر لایەنەکان رێکنەکەون ئێمە بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردن دەکەین

پەرلەمانتارێکی فرکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەسەرەتای دانیشتنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دوو قسە دانیشتنی پەرلەمانی هەڵگرت، بەڵام زۆرینەی ئەندام پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی رازی نەبوون دانیشتنی پەرلەمان لە دووخولەکی سەرەتاییەوە هەڵبگیرێت.

جوان رۆژبەیانی پەرلەمانتاری فرکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، راگەیاند: “سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای دانیشتنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بێ ئەوەی بڕگەکانی بەرنامەی کاری دانیشتن یەک بە یەک بەڕێوەبچێت، یان فراکسیۆنی پارتی بۆچوونی خۆی هەبێت، یان پێشنیاری هەبێت، لەسەر هەربڕگەیەک لە بڕگەکان، دەستبەجێ سەرۆکی پەرلەمان بە دوو قسە دانیشتنەکەی هەڵگرت کە ئەمەش پەیرەوی نییە، هەروەها ئەگەر بڕیاربێت دانیشتن هەڵبگرێت دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی رازی بن دانیشتنەکە هەڵبگیرێت، بۆیە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ماددەی 48 خستیە دەنگدان، گوتی: دەمانەوێت دانیشتن بەردەوام بێت”.

گوتیشی: “ئەمڕۆ جگە لە پەیڕەو هیچ خاڵێک لە پەرلەمانی کوردستان رووینەدا، جگە لەوەی سەرۆکی پەرلەمانی بەبێ وەرگرتنی دەستەی سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی هەڵگرت، ویستی بڕیارێکی تاکڕەوانە بدات، بەڵام زۆرینەی ئەندام پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی رازی نەبوون دانیشتنی پەرلەمان لە دوو خولەکی سەرەتاییەوە هەڵبگیرێت، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدرێت، ئەمە تەنها خۆدزینەوە بوو لە هەندێک بابەت کە ئەمڕۆ لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرا، یەک لەوانیش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بوو”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: “کۆمسیۆن لە ساڵی 2019ـەوە ماوەی یاسایی بەسەر چووە، کە کاراشکراوەتەوە بۆ پارتی نییە، چونکە زۆرینەی کۆمسیۆن پارتی نییە، بەڵام لە بەرئەوەی رێز لە بۆچوونی حزبەکانی تریش بگرێت، پارتی لە مافەکانی خۆی خۆشبوو، چونکە کۆمسیۆن بە یاسایی ساڵی 2018 کارا نەکراوەتەوە”.

جوان رۆژبەیانی، جەختیشی لەوە کردەوە: “کۆمسیۆن دەست بە رێکارە یاساییەکانی خۆی دەکات، دەبێت لایەنە سیاسیەکانیش لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکەن، ئەگەر رێککەوتن دەکەن بۆ هەمواری یاسایی هەڵبژاردن فەرموون بابێنە هۆڵی پەرلەمان و گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسایی هەڵبژاردن بکەین، ئەگەریش نایەن ئێمە بە یاسا کۆنەکە هەڵبژاردن دەکەین”.

گوتیشی: “لە ماوەی رابردوودا رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی کرا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان روویدا بێگومان بۆچوونی حزبەکەیان بوو، ئەو پشێویەی لەهۆڵی پەرلەمانی کوردستان روویدا وەکو حزبی ماماڵەی لەگەڵ کرا”.

دەشڵێت: “لە کۆمسیۆن لەسەر پشکی پارتی بۆشایی هەبوو بۆیە کەسێک لەوێ دانرا، هەروەها بۆشاییەکی تری تورکمانی هەبوو ئەویش دانرا. چونکە هاووڵاتیانیش داوای هەڵبژاردنمان لێدەکەن، ئەمڕۆش روون بووەوە کە کێ  بەربەست دەخاتە بەردەم هەڵبژاردنەوە”.

دڵخوازەكانتان