سوپاى عێراق گەمارۆى کامپى مەخمور دەدات

سوپای عێراق بە مەبەستی سنوورداركردنی جموجۆڵە نایاساییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو كەمپی مەخموور، پەلاماری كەمپەكە دەدات و هەوڵی تەلبەندكردنی دەدات، بەڵام پەكەكە فشار دەخاتە سەر خەڵكی كەمپەكە و وەكوو قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دەهێنێت.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 20ی ئایاری 2023، هێزەكانی سوپای عێراق چوونەتە سەر كەمپی مەخموور و هەوڵیان داوە تەلبەندی بكەن، بەڵام خەڵكی نێو كەمپەكە لەژێر فشاری پەكەكە، دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە و ڕێگرییان لە دروستكردنی تەلبەندەكە كردووە.

سەرچاوەیەك لە لایەنی عێراقی بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە :” بڕیاری لایەنی عێراقی ئەوەیە، ئەو كەمپە تەلبەند بكرێ و بكرێتەوە كەمپێكی سڤیل، چونكە ناكرێ كەمپەكە سڤیل بێت كەچی چەك و چەكدار و مەشق و راهێنانی چەكداری تێدا بێت.

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر بتواندرێت كەمپەكە بكرێتەوە سڤیل و جموجۆڵە نایاسایی و گوماناوییەكانی تێدا نەهێڵدرێت، ئەوا نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان و چالاكیی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان جارێكی دیكە بە مەبەستی بەهاناوەچوونی خەڵكی كەمپەكە، دەگەڕێنەوە نێو كەمپی مەخموور. 

بە گوێرەی زانیارییەكانی (باسنیوز)، لە ساڵی 2014 و لەگەڵ سەرەتای دەست پێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی عێراق و سووریا و هەرێمی كوردستان، پەكەكە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە كەمپی مەخموور دەركردووە و كەمپەكەی كردۆتە سەربازگەیەكی نهێنی و بەردەوام جگە لە خەڵەتاندنی منداڵانی كەمپەكە و چەكداركردنیان، هەر لەنێو كەمپدا مەشق و راهێنانیشیان پێ دەكات. 

پێشتر لە راپۆرتە میدیاییەكان باسیان لەوە دەكرد كە پەكەكە جگە لەو مەشق و راهێنانەی لەنێو كەمپەكەدا دەیكات، چەندان ڕەبایە و بنكەی چەكداری لە دەوروبەری كەمپەكە دروست كردووە و بە تەواوەتی كەمپەكە وەك سەربازگەیەكی خۆی دەبینێت، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو هەزاران كەسە دروست كردووە كە لەنێو كەمپەكەدان.

دڵخوازەكانتان