نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، هەوڵەکانی بۆ بازاڕگەریی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران چڕ کردووەتەوە و ئەمریکاش لە بەرانبەردا پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات.
بەیان سامی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند :”پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر باش و بەهێزە، وەک دەبینن زۆرێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دێنە هەرێمی کوردستان.”
بەیان سامی، باسی لە هاتنی شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ”شاندەکە لە کۆمەڵێک وەبەرهێنەر و کۆمپانیای بواری کشتوکاڵی پێکدێت و مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.”
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندییەکی هەمەجۆرە و ئەو وڵاتە پشتگیرییەکی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتیشی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکای لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تورکیا خستووەتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو پرسە بە خێرایی چارەسەر بکرێت، چونکە ئەمەریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی بەهێز و سەرکەوتوو لە ناوچەکە.