وەزارەتی شەھیدان: لەو ١٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە زۆرینەی کوردن

ئەمڕۆ ١٦ی ئایار، رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە لە عێراق و گوتەبێژی وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانیش دەڵێ، زیاتر لە ٢٧٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق ھەیە و تەنیا لە پارێزگای سەماوە ١٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵ ھەن کە زۆربەیان ھی کوردن. دەشڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ ھەڵدانەوە و گەڕانەوەی روفاتی شەھیدانمان دەدەین.

عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، راگەیاند: “بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە ٢٧٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ھەن و تەنیا سنووری پارێزگای سەماوە نزیکەی ١٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵی لێیە، وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ دەزگای شەھیدانی عێراق پێشتر ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی ھەڵداوەتەوە و ڕوفاتی شەھیدانی جینۆسایدی بە شکۆوە گەڕاندووەتەوە ناوچەکانیان لە گەرمیان و بارزان و چەمچەمال و دھۆک و دواین گۆڕ لە ناوچەی تل شێخیە لە سەماوە ساڵی ٢٠١٩ ھەڵدراوەتەوە و ڕوفاتی ١٧١ ئازیزی ئێمەی تێدایە و ئەوانیش دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی باب و باپیران.”

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت: “تا گۆڕی بەکۆمەڵ ھەڵنەدرێتەوە، نازانرێت ڕوفاتی ناو گۆڕەکە ھی کێن، بەڵام سەرجەمی ١٥٠ گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە زۆربەیان ھی قوربانیان کوردن، بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵ زۆر جار ناچێتە ژێر باری ئەرکی یاسایی خۆی بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوان.”

عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”لە دواین سەردانی بۆ بەغدا وەزیری شەھید و ئەنفالکراوان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی حکوومەتی عێراق جەختی لەسەر ھەڵدانەوەی ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردووە و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کار بکات بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و ھێنانەوەی ڕوفاتی ھەموو ئەو کەسانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گۆڕ غەریبن، چونکە ھەبوونی ئەو ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵە زیندووترین بەڵگەیە لەسەر جینۆسایدکردنی میللەتی ئێمەی کورد.”

دڵخوازەكانتان