سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو کرێنشینان دەتوانن یەکەکان وەرگرن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشكرای كرد، ئەگەر ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کرێنشینان و کەمدەرامەتان بکرێت، لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تاوەکوو ساڵی 2025، کرێنشینان دەتوانن یەکەکان وەرگرن و بچنە ناوی.

د. محەمەد شوکری محەمەد، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکیدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ”دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، پرۆسەیەكی دوورودرێژە و بە شێوەی ئەلیكترۆنی ناوەكان وەرگیراون، بەڵام ئێمە لە هەندێك شوێن كێشەی زەویمان هەبوو، ئێستا لە زاخۆ هەنگاوی دەستپێكردنمان ناوە.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”ئێمە بەڵێنمان داوە پرۆژەکە لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە دەست پێ بكات و لە ماوەی ساڵێكدا تەواو بێت، هەروەها لە هەولێریش بە هەمان شێوە و لە سلێمانییش ئەگەر زەویمان پێ بدرێت، ئامادەییمان هەیە دەست پێ بكەین.”

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی كردەوە: “هاووڵاتییان دەتوانن سوود لەو یەكەی نێشتەجێبوونانە وەربگرن و ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، ئەگەر لەمساڵدا دەستیان پێ بکرێت، ئەوا لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو تاوەكوو ساڵی 2025، هاووڵاتیان دەتوانن بچنە ناو شوقەكانیان.”

بە بڕیارێکی سەرۆكی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 20 ھەزار شوقە لە ڕێگەی وەبەرھێنان و بە پاڵپشتیی حکوومەت بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان دروست دەکرێت.

بە گوتەی محەمەد شوکری، حكوومەتی هەرێمی کوردستان كەلوپەلی ناوماڵ بۆ یەكەكان دابین دەکات، بۆ ئەوەی وەك شارێكی نیشتەجێبوونی تەواو، شیاوی ژیانێکی گونجاوی هاووڵاتییان بێت.

ڕووبەری شوقەكان 80 مەتری و 100 مەتری و 120 مەتری دەبن، وەکوو نرخی خەمڵاندنی شوقەکان بۆ هاووڵاتییان، هەر مەترێک لە نێوان 250 بۆ 300 دۆلار دەبێ و قیستەکانیش  بۆ 15 ساڵ دەبێت.

بڕی پێشه‌كیی شوقه‌ی 80 مه‌تری ته‌نها چوار هه‌زار دۆلار ده‌بێت، هه‌روه‌ها بڕی پێشه‌كیی شوقه‌ی 100 مه‌تری پێنج هه‌زار دۆلار ده‌بێت و بۆ شوقه‌ی 120 مه‌ترییش، بڕی پێشه‌كی ته‌نها شه‌ش هه‌زار دۆلار ده‌بێت.

لە 17ی 6ی 2022وە بۆ 4ی 7ی 2022 لینكی فۆرمی شوقەی كرێنشینان و كەمدەرامەتان كارا كرا، دواجار 119 هەزار و 919 كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد.

پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاندبوو: “دەبێـت كوالێتیی شوقەكان زۆر باش بێت، چونكە سەرۆكی حكوومەت جەخت لەسەر سێ شت دەكاتەوە، كوالێتییەكی باش و نرخێكی گونجاو و قیستێكی درێژخایەن.”

دڵخوازەكانتان