برنجی تایلەندی لە بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابەش دەكرێت

 لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییاندا، برنجی ئۆرۆگوایی دابەش دەکرێت و بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت: “برنجێکی زۆر باشە.”

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای کردووە، بڕی 33 هەزار تۆن برنجی نوێ‌ گەیشتە بەندەری بەسڕە و لە وڵاتی ئۆرۆگوای كڕدراوە.

لەمیا موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی بەبازاڕكردن لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا رایگەیاند: “كەشتییەك لە 33 هەزار تەن برنجی ئۆرۆگوایی گەیشتووەتە بەندەری ئوم قەسر، نموونەی برنجەكە بە مەبەستی ئەنجامدانی پشكنینی سەرەتایی وەرگیراوە.”

پێشتر برنجی تایلەندی لە بەشەخۆراکی هاووڵاتییان دابەش دەکرا.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “هەر شتێکی بەشەخۆرک بۆ عێراق بێت، بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و ئەو برنجە تازەش كە هاتووە، بۆ ئێمەش دێ.”

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو برنجەی هاتووە جۆرێکی باشه، گوتیشی: “لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک برنجی ئۆرۆگوایی هاتووە و جۆرێكی زۆر باش بووە و بە دڵی خەڵک بووە و لێی ڕازی بوون.”

لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، هەرکەسێک سێ کیلۆ برنجی پێ دەدرێت.

دڵخوازەكانتان