“ناردنی 400 ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرێم بۆتە بڕیار”

دوای ئەوەی دوێنێ حکوومەتی عێراق 400 ملیار دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە کرد، بڕیارە 400 ملیار دیناری دیکەش بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، گوتی: “ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریداوە کە 400 ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت و بۆتە بڕیار، بۆیە ئێمەش وەکو نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر خەتین لەگەڵ ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەست بەرێکاری ناردنی 400 ملیار دینارەکە بکرێت، چونکە ھەندێک رێکاری پێویستە کە ئەو بڕیارە گشتاندن بکرێت بۆ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی و بۆ ئێمەش و بانکی ناوەندیی، بۆیە ئەو رێکارانە پێویستە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین تا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو ئەو پارەیەش بخرێتە سەر ھەژمارە حیسابی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە”.

فارس عیسا گوتیشی: “بڕیارە مانگانە تاوەکو پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق پەسەند دەکرێت مانگانە 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی عێراق دایە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەم ھەفتەیە 400 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت و پارەکەش دوێنێ ڕەوانە کراوە و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێکارەکان 400 ملیار دیناری دیکەش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.

دڵخوازەكانتان