مستەفا کازمی و مەسرور بارزانی تاوتوێی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکەن

مستەفا کازمی بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد. 

 بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی مستەفا کازمی و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران.

 هەروەها جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا. 

 لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی  هەوڵ و تواناکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش

هاوکات ئەمڕۆ  وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ کێوماڵکردنی چەکدارانی داعش دەستی پێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە.

 لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی 3 و 5ی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی 9 و 17ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی70 بەشداریی تێدا دەکەن.

دڵخوازەكانتان