سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا – کوردستان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا – کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و باپەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان جێبەجێکردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا – کوردستان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو، ئامادەیی خۆشیان بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی. 

سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و باپەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان جێبەجێکردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان دووپاتکردەوە. 

شاندەکە ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پرۆسەی ڤیزای ئەلیکترۆنیان کرد.

دڵخوازەكانتان