پۆلیسی سلێمانی: کەسێک بە تۆمەتی دزینی 300 ملیۆن دینار دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بە هاوكاری نەهێشتنی تاوانی هەولێر تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بڕی 300 ملیۆن دینار و بڕێك زێڕ و كەرەستەی گرانبەهای دزیبوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی، دزیەکە لە شاری سلێمانی کراوە و تۆمەتبارەکە لە هەولێر دەستگیرکراوە، ئەمەش دوای ئەوەی هاووڵاتییەک کە پارە و زێڕی لێدزراوە، سكاڵای تۆمارکردووە.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان – نوسینگەی رۆژئاوا توانرا  لە ماوەیەكی كەمدا و بە هاوكاری نەهێشتنی تاوانی هەولێر تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لە شاری هەولێر دەستگیربكرێت.

ئاماژە بەوەشدرا، تۆمەتبار (د، ک، م) لەدایکبووی 1997 لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستگیراوە بەسەر بڕی 300 ملیۆن دینار و بڕێك زێڕ و چەند پارچە كەرەسەتەیەكی گرانبەهادا.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمەتبار بە ناسنامە کوردە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 راگیراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

دڵخوازەكانتان