ئەمریکا بەبەهای دەیان ملیۆن دۆلار دەستبەسەر نەوت و چەکی “نایاسایی” ئێراندا دەگرێت
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەیان لەدەریای عەرەبدا دەستیان بەسەر چوار کەشتی نەوتهەڵگری ئێران و دو کەشتی گواستنەوەی چەکدا گرتوە، کە “ئێران ویستویەتی بەشێوەیەکی نایاسایی مامەڵەیان پێوەبکات و چەکی بۆ حوسییەکانی یەمەن رەوانە کردوە”.
وەزارەتی دادی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هێزی دەریایی وڵاتەکەیان رۆژی سێشەممە دەستیانگرتوە بەسەر 1،1 مليۆن بەرميل نەوتی ئێران کە لەناو چوار کەشتیدا دەگوازرانەوە بۆ ڤەنزوێلا و ئاڵای وڵاتێکی بیانیان لەسەر بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها هێزی دەریایی ئەمریکا لەدەریای عەرەبدا لەمانۆڕێکی سەربازی ئاساییدا دەستیگرتوە بەسەر دو کەشتی ئێراندا کە چەکیان بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستوەتەوە، لەناو ئەو کەشتییەشدا “171 موشەکی دژەتانک، 8 موشەکی زەمینی و پێکهاتەکانی موشەکی كروز، هەروەها چەندین کەرەستە و پێکهاتەی دروستکردنی موشەک و درۆنی تێدابوە.”