فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکردنی ‘سیاسەتمەدارێکی باکووری کوردستان’ رەتدەکاتەوە

بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ژنە “سیاسەتمەدارێک”ـی کورد لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکراوە، بەڵام بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە رەتیدەکاتەوە.

رۆژی شەممە، 6ـی ئایاری 2023، ئاژانسی فراتنیوزی نزیک لە پەکەکە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی 2ـی ئایارەوە ئەزیمە ئارسو، “سیاسەتمەداری کورد کە ساڵانێکی زۆر بۆ گەلی کورد تێکۆشانی کردووە” لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکراوە.

ئارسو خەڵکی شرنەخی باکووری کوردستانە، بەگوێرەی هەواڵەکە بێت، بۆ چارەسەری نەخۆشی ویستوویەتی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بچێتە دەرەوەی وڵات.

لەبارەی هەواڵەکەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند:” ئەو هەواڵە ناڕاستە و هیچ کەسێکیان بەو ناوەوە دەستگیر نەکردووە.

ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: “دەستگیرکردنی کەسێک لە فڕۆکەخانە ئاسان نییە و بڕیاری دادوەری دەوێت؛ ئەگەر کەسێکیش دەستگیربکرێت، بە دڵنیاییەوە ئاگادار دەکرێمەوە”.

لە 3ـی نیسانی ئەمساڵەوە تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخستووە؛ بەهۆیەوە چەند گەشتێکی وڵاتانی دەرەوە بۆ فڕۆکەخانەکە وەستاون. 

تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی 5ـی نیسانی 2023 سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هۆکاری بڕیارەکەی گێڕایەوە بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی.

دڵخوازەكانتان