سەرۆکوەزیرانی عێراق: حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات دەدات و دەڵێت، “پێویستە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەبێت”. 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی سێیەمی نێودەوڵەتیی ئاو کە ئەمڕۆ لە بەغدا کارەکانی دەستیپێکرد، رایگەیاند، “ئاو بووەتە دۆسیەیەکی هەستیار و گرنگی هەموو وڵاتانی جیهان. قەیرانی ئاو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی شەڕەکانی رژێمی پێشووەوە لای هاووڵاتییان نەزانرا”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق کە خۆی ئەندازیاری کشتوکاڵە لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە قسەی کرد و گوتی، “حکومەت دۆسیەی ئاوی لە سەرووی کارەکانی داناوە؛ پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کە سەرچاوەکانی ئاومان لەوێن لەسەر ئەو کێشانە بووەستین”.

سوودانی گوتی، یەکێک لەو هەنگاوانەی کە حکومەتەکەی بۆ پلانی کشتوکاڵی پیادەی دەکات بریتییە لە بەکارهێنانی رێگە نوێیەکانی ئاودێری و رایگەیاند، حکومەت سوودی لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەرگرتووە و کاری لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ئاو کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریدا و گوتی، “کەمئاوی هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانییەتی عێراق؛ دابەزینی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتییە. هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان یان کەمکردنەوەیان بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش بۆ نەوەکانمان بڕەخسێنین”.

سوودانی راشیگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جەخت لەسەر زمانی بنیادنەرانە و بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و گەرەنتیکردنی بەشی یەکسان و دادوەرانە لەو پشکە دەکاتەوە. 

ئەمڕۆ شەممە بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستی بە کارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایێنێت، تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش دەکرێن.

پێشتر وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، بانگهێشتنامە ئاراستەی چەندین وەزیری ئاوی وڵاتانی ناوچەکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری ئاو و کەشوهەوا، باڵیۆزی وڵاتان، وەزیر، پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەوە وێڕای بانگهێشتکردنی مامۆستایانی زانکۆ و چەندین کەسایەتی عێراقی و نێودەوڵەتیی پسپۆڕ و کەسایەتیی میدیایی.

رۆژی شەممە، 06-05-2023، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەشداری لە سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدایە، عێراق لە مێژووی بەڕێوەبردنی ئاوی خۆیدا خراپترین ساڵ بەڕێ دەکات.

دڵخوازەكانتان