ڕوونكردنەوەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی ڕووداوی هێرشکردنە سەر مزگەوتەکەی شنگال

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەكدا لەسەر ڕووداوی هێرشکردنە سەر مزگەوتەکەی شنگال رای گەیاند كە دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: “لەژێر ڕۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجام درا، لە هەینی ڕابردوو چەند مامۆستایەکی ئاینی کە ڕێژەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تێپەڕی نەدەکرد، ڕوونکردنەوەیان دابوو لەسەر بابەتەکە، بەڵام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزیدییەکان هەیە.”

هەروەها تیایدا هاتووە: “لە ئیدانەی ئەو کارەدا، حکوومەت ڕای دەگەیەنێت کە لە هەرێمی کوردستان 6500 مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی بوونیان هەیە، لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنها چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسڵمانانیان کردووە لە شنگال و ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دواتر لەگەڵ مامۆستا ئێزیدییەکاندا دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوووسیدا دووپاتیان کردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق نەبووە و تەنیا ئاماژەیان بەوە داوە کە چەند گەنجێکی ئێزیدی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەردهاوێشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئێزیدییەکان تاوانبار بکرێن، بەڵکو وەک ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە بگیرێت و ڕێگەش لەو دەستە دەرەکییە بگیرێت کە دەیەوێت پێکەوەژیانی پێکهاتەکان تێکبدات لە هەرێمی کوردستان.”

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و ڕقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان، قسەی هەندێک کەسی نابەرپرسیش گوزارشت لە ڕای گشتیی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ناکات و لە پێشوودا سزای ئەو کەسانە دراون کە گوتاری تووندیان لە دژی پێکهاتەی دیاریکراودا داوە تەنانەت مامۆستای ئایینیش سزادراون لەسەر ئەم بابەتە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی دەکاتەوە سەرەڕای بوونی بارگرانی دارایى و هەبوونی دەستی دەرەکی بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت بەردەوامە لە پەرەپێدانی مافەکانی ئێزدییەکان و شانازییەکی هەرە درەوشاوەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازە ئایینى و ئیتنییەکان، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر کەم لە پۆستی سۆشیاڵ میدیا هەبووە لە سەر ئەم بابەتە کە لە چوار بۆ پێنج کەس تێناپەڕێت، کەچی زۆر گەورە کراوە، گوتاری ڕق لە کوردستان بوونی نییە، مامۆستا هەبووە سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی لە مزگەوت لادراوە، چونکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گوتاری ڕقئامێزی هەبووە بەرانبەر بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو و دراوەتە دادگا و ڤیدیۆی پەشیمانبوونیشی بڵاو کردووەتەوە، بە هەزاران مامۆستای ئایینی بە دیاریکراوی و بە کرداری هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگالیان سەرکۆنە کردووە، بەڵام گوتوویانە کە ئەمە لەسەر برا ئێزدییەکان هەژمار ناکرێت، هەروەک چۆن ڕەفتاری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەسەر ئایینی ئیسلام هەژمار ناکرێت.

هەروەها تیایدا هاتووە: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پتەوکردنی پاراستنی خوشک و برا ئێزیدییەکان، ئەوانەی لە هەرێم نیشتەجێن و ئەوانەی کە لە پاش هێرشی تیرۆرستانەی داعش ئاوارەی هەرێم بوون، هاوکارییەکانیش بریتین لە دەستەبەرکردنی خواستەکانیان و لەم دواییەشدا ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ کراوە. بە گشتی ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە بۆ ئاوارەکانیان لە هەرێمدا، جگە لەوەش حکوومەت پابەندبوونی چەسپاوی بۆ دۆزی کوردانی ئێزیدی نیشانداوە و هەوڵی داوە بۆ بنبڕکردنی هەر گوتارێکی تووند دژی پێکهاتەی ئێزدییەکان، حکوومەت لەڕێگەی هاوبەشە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکانیەوە هەوڵی داوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن وڵاتان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەروەها بەمەبەستی داننان بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش حکوومەت دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەڵگەدار کردووە.

لە بەشێكی تری روونكردنەوەكەدا هاتووە: “تاوەکو ئێستا 5170 دۆسیە تۆمار کراوە کە زیاتر لە 2324 دۆسیە لە دادگەکاندا یەکلاکراونەتەوە، 2000 دۆسیەی دیکەیان هێشتا ماون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان و 2916 کەس وەک ونبوو تۆمارکراون، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە 2234 قوربانی کراوە. لەلایەکی ترەوە حکوومەتی هەوڵی داوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی عێراق (NCC) و دامودەزگاکانی هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیتاد) کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە بەتایبەتی دژی پێکهاتەی ئێزیدی. حکوومەت، هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێندراوان و بوودجەیەکیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، تاوەکو ڕێکەوتی 22ـی 02ـی 2022، 3552 کەس ڕزگارکراون لەوانە 1207 کەسیان ئافرەتن، 339 کەسیان پیاون و 2719 کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.

دڵخوازەكانتان