سبه‌ینێ‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە

بڕیاره‌ سبه‌ینێ‌ شه‌ممه‌ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و ده‌نگ له‌سه‌ر ژمارەیەک پرۆژه‌یاسا بدرێت و په‌سه‌ند بكرێن.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێك كاتژمێر 11ی‌ پێشنیوه‌ڕۆی‌ سبه‌ینێ‌ شه‌ممه‌ 6ی‌ ئایاری‌ 2023 ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای كاره‌با ده‌درێت و له‌ بڕگه‌ی‌ دووه‌مدا پرۆژه‌یاسای جه‌ژنی نیشتمانی كۆماری عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت.

له‌بڕگه‌ی سێیه‌می كۆبونه‌وه‌شدا، ده‌نگ ده‌درێت له‌سه‌ر راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌رامبه‌ر به‌ كۆتاییهێنان به‌راژه‌ی گرێبه‌سته‌كانی زانكۆی تكریت و چه‌ند زانكۆیه‌كی دیكه‌.

هه‌ر به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان، له‌بڕگه‌ی چواره‌مدا گفتوگۆ و خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هاوكاری یاسایی، له‌بڕگه‌ی پێنجه‌میشدا گفتوگۆ و خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای په‌یمانگه‌ی راهێنانی رێپێدراوانی پۆلیس، له‌بڕگه‌ی شه‌شه‌میشدا به‌هه‌مانشێوه‌ گفتوگۆ و خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای كۆمپانیای ئه‌منی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كرێت.

دڵخوازەكانتان