جەنگی ئاو جەنگی هەمووانە لەگەڵ هەمووان

ئاو دۆزێكی گرنگی كۆمەڵایەتیی جیۆپۆلەتیكە، بناغەی ژیان و كلیلی بەردەوامبوونی مرۆڤایەتییە لە سەر هەسارەكەمان، ئاو بەهادارترین سەرچاوەی وزەی گەردوونە، دەستبەسەرداگرتی سەرچاوەی ئاوی هەر دەوڵەتێك یەكسانە بە دەستگرتن بەسەر تەواوی ئەو دەوڵەتدا.

ئەگەر جەنگەكانی ڕابردوو بۆ دەستگرتن بەسەر خاكدا بوبێت بۆ دەستگەشتن بە وزە، ئەوا جەنگی داهاتوو بۆ دەستگەیشتنە بە ئاو، مێژووی جەنگ لەسەر ئاو بە كردەیی لە ساڵی 1964 وە دەستی پێكرد، كاتێك كۆمكاری عەرەبی هەستا بە بڕینی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دەڕژانە خاكی ئیسرائیلەوە، بە نیازی ئەوەی بە تینووكردن ناچاری سەرمێزی گفتو گۆیان بكەن، ئیسرائیلیش لە بەرانبەردا هێزی بەكار هێنا بۆ هەرس پێهێنانی ئەو پرۆژەیە.

لە ساڵی  (1964) لوبنان ویستی ڕێڕەوی ئاوی حسبان و وەزانی بگۆڕێت ، كە دەڕژایە خاكی ئیسرائیلەوە، بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە كۆتایی بەو پرۆژە ئاوەی لوبنان هێنا، ئیسرائیلییەكان ساڵی 1967 تاڤگەی سووریان تێك شكاند، كە بە مەبەستی گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو دروست كرابوو و، لە ساڵی 1978 كۆتاییان بە كێشەی ئاو هێناو بە هێزی سەربازی دەستیان گرت بەسەر سەرچاوەی ئاوی (حسبان و وەزانی) دا، لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییە نەگۆڕەی كە هەمیشە وڵاتان ئامادەی جەنگن لەسەر ئاو، هیچ گەل و نەتەوەیەكیش ناتوانێت لە سەر كیشەی ئاو چاوپۆشی بكات و بێدەنگی هەڵبژێرێت.

 ئێستا ململانێكان لەسەر ئاو پێی ناوەتە ئاستێكی مەترسیدار ، هەمووان هەوڵی دەستگەیشت بە ئاو دەدەن، هەندێك وەك كارتی فشاری سیاسی مامەڵەی پێوە دەكەن و بەكاری دەهێنن، هەندێكیش بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو تێدەكۆشن، ئەگەر لە ڕابردوودا ئاو وەك كارتی سیاسی، یان فشار بەكار هاتبێت، ئەمرۆ وەك كارتی ئابووری بەكار دێت، ئیتر جیهان پێ دەنێتە ناو بلیتی فرۆشتنی ئاووەوە و ئاو بە پێوانە دەفرۆشرێت.

ئێستازۆرێك لە وڵاتان  دەستیان كردووە بە خۆئامادەكردنی پێشوەختە، ئیدی لە پێناو ئاسایشی ئاوی خۆیاندا بێت، یان بۆ باڵا دەستبوون بەسەر گەل و نەتەوەكانی دیكەدا، بۆ ئەم مەبەستەش لەو پێناوەدا گەلێك بەنداوی گەورە دروست كراون، دروستكردنی ئەم بەنداوانەش بێ‌ ئاسەواری خراپ نین و كاریگەریی نەرێنیی گەورەیان لە دوای خۆیان جێ هێشتووە، بەشێكیان دەوڵەتانی دیكەیان ڕووبەڕووی كەم ئاوی كردووەتەوە و هەندێكیشیان بوونەتە هۆی گۆڕینی دێمۆگرافیای دانیشتوان و كاولكاریی سرووشتی. 

لێردا ئاماژە بە ژمارەیەك لەو بەنداوانە دەكەین كە زۆرترین كاریگەییان هەبووە ،وەك

  • 1بەنداوی سێ‌ گۆرج لە وڵاتی چین كە دەكەوێتە سەر ڕوباری یانگتسی، كە گەورەترین بەنداوی كارۆئاوییە لە جیهاندا، بەنداوەكە زیانی ئیكۆلۆژیی زۆری هەبووە، وەك گۆڕانكاری لە كوالێتی ئاودا، زەمین لەرزە، وشكهەڵاتنی زوی و داخورانی چینەكانی زەوی، ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس لە شوێنی نیشتە جێبوونی خۆیان، بەشێك لە زانایانیش دەڵێن گاریگەرییە خراپەكانی ئەم بەنداوە لەسەر ژینگە زیاتر دەر دەكەون.
  • 2بەنداوی گلێن كانیۆن لە ئەمەریكا، لەسەر ڕوباری كۆڵۆرادۆ، كە بووە هۆی گۆڕنكاری لە پلەی گەرمیی بەشەكانی خوارووی ڕوبارەكە، ئاوارە بوونی دنیشتووانی ڕەسەنی ناوچەكە و وشكهەڵاتنی دەشتاییەكانی خوار ڕوبارەكە، لەدەستدانی كاری ژمارەیەكی زۆر لە ماسیگرەكانی سەر ڕوباری كۆلۆرادۆ.
  • 3بەنداوی بیلۆ مۆنتی لە بەرازیل، كە ئەمەشیان هۆكاری تێكچوونی ژینگەیی بوو، وە بیست هەزار هێكتار زەویی خستە ژێر ئاوەوە لە زەویی ئەو ناوچانەی كە خێڵە ڕەسەنەكانی تێدا دەژیان، بە هۆی سەرهەڵدانی برسێتی و بێكاری و كۆچكردنی ئەم هۆزانە بۆ ناو شارە گەورەكان، كە ئەوەش گۆڕانكاریی دیمۆگرافیای دانیشتوانی لێ كەوتەوە.
  • 4بەنداوی نەهزە لە ئەسیوپیا لەسەر ڕوباری نیلی تەمەن سی ملیۆن ساڵی، ئەم بەنداوەیان بووە هۆی تینووكردنی هەردوو وڵاتی میسر و سوودان، كە ئەگەر بە گفتوگۆ نەگەنە چارەسەر، میسر و سودان لەلایەك و ئەسیوپیا لەلایەك خەریكە جەنگی سەربازی لە نێوانیاندا هەڵبگریسێت.
  • 5–  پرۆژەی گاپ و ئەلیسۆ كە خۆی لە ژمارەیەكی زۆر بەنداودا دەبینێتەوە لەلایەن توركیاوە، لەسەر ئەو ڕوبارانە دورست دەكرێن كە دەڕژێنە ناو خاكی عێراق و سووریا، كە بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە لە داهاتووی نزیكدا هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا دەبن بە نیمچە بیابان ، كارەساتی مرۆیی و ژینگەیی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.

لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی بۆ دەستگرتن بەسەر ئاودا، جەنگی هەمووان لەگەڵ هەمووانە و جەنگی هەمووانیش لەگەڵ سرووشت.

كیشەی ئاو جدییە و پێویستی بە چارەسەری خێرا و دەستێوەردان هەیە، وەك بنیاتنانی ژیرَخانی ئاو  و پاراستنی ئاو بە ڕێگەی زانستی و تەكنلۆژی، لە ئێستادا بەهۆی ئاوی پیسەوە ساڵانە سێ‌ ملیۆن و نیو كەس لە جیهاندا دەمرن، ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە هەڵكشاندایە، ڕێگەی پاراستن و دابینكردنی ئاویش زۆرە و پێویستی بە توێژینەوەی ورد هەیە، لێردا باو ترین ڕێگەكان دەخەینە ڕوو.

  • 1هەڵمەتی نیشتمانی بۆ هۆشیاركردنەوەی تاك لە پاراستنی ئاو و بەفیرۆنەدانی.
  • 2دروستكرندی بەنداو بۆ گلدانەوەی ئاوی چەم و ڕوبار و باراناو، لەم خاڵەیاندا نابێت بە هیچ جۆرێك درێغی بكرێت و دەبێ بە پلانی تۆكمە و درێژخایەن كاری بۆ بكرێت.
  • 3بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی، كەئەویش بە دروستكردنی بەنداوی بچووك و دەرزیئاژنی زوی دەبێت، كە برتییە لە درووستكردنی بیری قووڵ و بچووك بۆ ژێر زوی، لە ڕێڕەوەكانی ئاوی بارارن و لافاو، بۆ ئەوەی ئاوەكە بچێتە ژێر زەوییەوە و بەفیڕۆ نەڕوات و ئاوی ژێر زەویی پێ‌ ببووژێتەوە.
  • 4ڕێگەی ئۆسمۆزی، ئەمەیان ڕیگەیەكە زانستیی تەكنۆلۆژییە، دەتوانرێت لەو وڵاتانەدا بەكار بهێنرێت كە دەكەونە سەر كەنارە ئاوییە سوێرەكان، پرۆسەیەكە بۆ جیاكردنەوی ئاوی شیرین لە ئاوی سوێر
  • 5ڕێگەی بارانی دەستكرد، ئەمەشیان كارێكی تا ڕادەیەك قورس و زانستییە و بێ‌ مەترسییش نییە، چونكە هەندێك جار دەبێتە هۆی دابارینی بارانی كاولكارانە و دروستبوونی لافا، ئەم پرۆسەیەش لە ڕێگەی تۆوكردنی هەورەوە دەبێت، بە ناردنە ناوەوەی یۆدای زیو، یان سەهۆڵی وشك بۆ ناو هەورەكە، یان بە ڕێگەی لێزەری بۆ بارگاویكردنی هەوری بێ باران و گۆڕینی بۆ هەوری باراناوی.
  • 6ڕیسایكلینی ئاو و دوو بارە پاككردنەوی ئاوی پاشەڕۆی شارەكان بۆ ئاوێكی پاك، كە بەكار دێت بۆ كارگە پیشەسازییەكان و كشتوكاڵ.

بەهۆی ئەوهۆكارانشی كە ئاماژەمان پێ كردن، لە داهاتوودا كێشەی ئاو لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا لە هەموو هۆكارێكی  دیكە لەپێشترە بۆ پێكدادانی سەبازی.

سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا بە ناوی (رۆژهەڵاتی نوێ‌) زۆر بە وردی باسی كێشە ئاو ئەكات و مەترسیی تەقینەوەی سەربازی لەو پێناوەدا بە حەتمی دەزانێت، ئەگەر هاتو چارەسەری نێودەوڵەتیی بۆ ئەو پرسە نەدۆزرێتەوە.

لەم نێوەندەدا كوردستانیش بێبەش نییە لە بەركەوتەی كێشەی ئاو و لێكەوتەكانی هەرجەنگێك كە لەسەر ئاو ڕوو بدات، پیویستە خویندنەوەی وردیش بۆ ئەو مەترسییە هەبێت، هەرچەندە لە كوردستان كێشەی ئاو بە هەند وەرگیراوە و كاری لەسەر كراوە و بەردەوامیشە، بەڵام بابەتەكە ئەوە دەخوازێت  كاری خیراتری بۆ بكرێت، هەر لە بنیاتی ژێرخانی ئاو بە ڕێگەی زانستی و دروستكردنی پرۆژەی ئاوی زیاتر و، دیاریكردنی گرفتەكان و دۆزینەوەی چارە سەری پێویست بۆیان تا ببێت بە هۆی دڵنیایی ئاسایشی ئاو بۆ كوردستان.

هیوا ئەحمەد

دڵخوازەكانتان