وەزارەتی کارەبا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەید دەکات

وەزارەتی کارەبا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەید دەکات و لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی شارە گەورەکان دەست پێ دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبای کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سیستەمی پریپەید لەلایەن وەزارەتی کارەباوە دراوە و “لە سەرەتادا لە ژمارەیەک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی شارە گەورەکان دەست پێ دەکرێت”.

ئەوش خراوەتەڕوو، “ئەم هەنگاوە یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی کارەبا.”

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری کارەبا بەڵێنی دا باشترین میکانیزم و هەوڵەکان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کە خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت هیچ کێشە و گرفتێک تووشی هاووڵاتییان نەبێت.

دڵخوازەكانتان