جوان یوونس ڕۆژبەیانی: یەکێتی چی چاندووە ئەوە دەدوورێتەوە، بۆیە هەڵبژاردن ناکا

په‌رله‌مانتارێكی كوردستان، هۆكاری خۆدزینه‌وه‌ی یه‌كێتی و له‌مپه‌ردروستكردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ ده‌زانن چییان چاندووه‌ و چی ده‌دوورنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/5/2023، جوان یوونس رۆژبه‌یانی، په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی، له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تی: پرسی هەڵبژاردن و پیادەكردنی دیموكراسیەت لە كوردستان و عێراقدا بە زەمانەتی دەستووری و ماددەكانی (5 و 6)ـی دەستووری هەمیشەیی دەستەبەركراون و ماددەی (46)ـیش قەدەغەی هەر جۆرە كۆتبەندكردنی ئەو ماف و میكانیزمە دیموكراسییەی كردووە.

ده‌شڵێ: مایەی نیگەرانییە كە هێشتا لە كوردستاندا حزب هەبێ ماف بە خۆی بدات كە پرۆسەی دیموكراسیەت و هەڵبژاردن بە بارمتە بگرێت و لە ترسی شكست و تۆڵەلێكردنەوەی دەنگدەران هەموو ڕێگە و شێوازێك بۆ دروستكردنی بەربەست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بگرێتە بەر.

جوان رۆژبه‌یانی پێی وایه‌، حزبی حوكمڕان و خاوەندیدگا و بەرپرسیار ئەمە ناكات. حزبێك لەگەڵ خودا و خەڵك و خۆی پاك  بێت و ترسی لە ڕق و تۆڵەكردنەوەی دەنگدەر نەبێت، ئەمە ناكات، بەڵكو ئەمە خەسڵەتی حزبی ئینتهازی و لۆكاڵی و ڕاوێژی “ئەم” و “ئەوە”. ئەمە ڕەفتاری حزبێكە كە دووچاری گرووپێكی “كاڵفام”ـی خۆسەپێن بووەتەوە، كە وێڕای ونكردنی ناسنامەی حزبەكە، خەریكە كوردستانیش، بەهەڵە و هەڵەكانی دووچاری گرفتی گەورە دەكات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان، ئه‌وه‌ بیر ده‌هێنێته‌وه‌: لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، بیانوو نەما كە یەكێتی هەنگاو بە هەنگاو بۆ لەمپەر دروستكردن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا دروستی نەکا، لە بەرامبەردا هەمووی پووچەڵ کرانەوە، تەنیا لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردندا مەرج و داواكارییە تەعجیزییەكانیشی ڕێككەوتننیان لەبارەوە كران. بەڵام حزبێك دڵنیایە لەوەی لە سیاسەتدا “چی بچێنی ئەوە دەدووریتەوە” و دەزانێ چی بەسەر هاووڵاتیانی دەڤەری ئازیزی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕیندا هێناوە و چۆنیش سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستانی دووچاری دڵەڕاوكێ كردووە و هەوڵی زەوتكردنی مافی دەستوورییانەی خۆیان لە هەڵبژاردن كە پێی ماددەی (20)ـی دەستوور بۆیان دیاریكراوە لە هەڵبژاردن و خۆكاندیدكردن دەدات، ئیتر چۆن مل بە هەڵبژاردن دەدات.

سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش: حزبێك كە بەهۆی هەڵپەی خۆدزینەوەی لە دادگاییكردنی گەل و ملكەچبوون بۆ حوكمی گەلەوە سڵ لە هیچ هەنگاوێك نەكاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەرزكردنەوەی سكاڵاش بێت لەسەر ئەو سەرۆكی پەرلەمانەی كە خۆی دواجار ماوەیەك لەمەوبەر بە دەنگی بەرز هاواری كرد كە “دەست و پێم بەستراوە و كۆت كراوە”.

رۆژبه‌یانی پێی وایه‌: حزبێك كە لە “ئەلف و بێی” یاسا و دەستوور هێشتا تێنەگەیشتبێت و نەزانێ ئەوە دەسەڵات و ئەركی بەناو دادگای فیدڕاڵی نییە كە شوێنی پەرلەمانی كوردستان بگرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنی كوردستان هەموار بكاتەوە؟

دڵخوازەكانتان