بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی: یەكێتی دەزانێت نیوەی كورسییەكانی ئێستای ناهێنێ بۆیە نایەوێ هەڵبژاردن بكرێت

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ رایگەیاند، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، هەنگاوی جدیین و پەیوەندییەکی زۆر باش لە بوارەکانی مادەی ١٤٠و پێشمەرگە و نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەتایبەت ئەو رێکكەوتنەی لە ماوەی رابردوودا كرا.

كرمانج عەبدوڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش گوتی: ”ئەمساڵ هەڵبژاردن دەکرێت و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن تەواو ئامادەیە، چونکە دواکەوتنی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی ئەوەی کوردستان بەرەو بۆشایی یاسایی ببات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ ناوبانگی كوردستان کاریگەریی باشی نابێت.“

لەبارەی بەشداریی یەکێتی لە هەڵبژاردن، ئەو بەرپرسەی پارتی رایگەیاند: ”یەکێتی چەندین جار بە هۆکاری جیا جیا ویستوویەتی هەڵبژاردن دوا بخرێت، هەر جارەو کێشەیەک لەبەردەم ئەم پرۆسەیە دروست دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت، چونکە دەزانێت متمانەی جەماوەری خۆی لەدەست داوە و نیوەی كورسییەكانی ئێستاشی ناهێنێ، ئێمە وەک پارتی موراعاتی دۆخی یەکێتییمان کرد و لەبەر کێشە ناوخۆییەکانی یەكێتی رازی بووین بە دواخستنی ئەم پرۆسەیە.“

هەروەها دەشڵێت: ”لە هیچ شوێنێكی دنیادا نییە کە بە هۆکاری جیا جیا و كێشەی ناوخۆیی پرۆسەیەکی گرنگ پەک بخرێت و هەڵبژاردن نەکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی باش نییە، بەڵام کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ناشبێت بەهۆی پێداگریی یەكێتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، لەوە زیاتر رێگە بدەین شكۆی هەرێمی كوردستان لەکەدار بکرێ.“

كرمانج عەبدوڵا ئەوەشی خستە روو: ”یەکێتی بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن ئەمجارە بیانووی کۆتاکانی هێنایە پێشەوە، بەڵام ناکرێت تۆ حزبێک بیت و لەجیاتی پێکهاتەکان قسە بکەیت و بڕیار بدەیت، پێكهاتەكان بۆ هەڵبژاردن خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیانن.“

دڵخوازەكانتان