سەرۆک بارزانی: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان

سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی، رایگەیاند: “ئامادەبووانی بەڕێز هەمووتان بەخێربێن و ئومێدەوارم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستی بە جینۆساید ناساندنی کوردانی فەیلی سەرکەوتوو بێت. کوردانی فەیلی بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و بەشێوەیەکی ئازایانە رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە بوونەوە کە ئامانج لێیان لەناوبردنی کوردانی فەیلی بوون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە، توانیویان ناسنامە و کولتووری خۆیان بپارێزن”.

سەرۆک بارزانی گوتی: “سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی زۆر بوونەوە، بەڵام کوردە فەیلییە شۆڕشگێرەکان توانیویان بەشداریان هەبێت لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوول. لەوانەیە بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان ئەوە بزانن، کە سەرکردە باڵاکان، لەلایەن شۆڕشگێڕانی کوردانی فەیلییەوە بەڕێوەدەبران، لەوانەش سکرتێری گشتیی حزب، سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و بەشێکی زۆری دیکەی پۆستە باڵاکان”.

لە بەشێکی دیکەی وتارەیەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا: “کوردانی فەیلی رێز و متمانەیەکی زۆریان لەلای بارزانی نەمرەوە هەبوو، بەهۆی ئەو دڵسۆزی و ئینتمایەی بۆ کارەکانیان هەبوو. کوردانی فەیلی تووشی ئازار و کارەساتی زۆر بوونەتەوە. رژێمی پێشوو بە چەندین رێگە هەوڵیدەدا کوردانی فەیلی دەست لە هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان هەڵگرن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکستییان هێنا، هەر بۆیە پەنایان بردە بەر رێگەی دڕندانە، لەوانەش راگواستنی زۆرەملێ، بە تۆمەتی ئەوەی بیانین، هەروەها دەست بەسەر سەروەت و سامانەکانیان داگیرا. تائێستا 12 هەزار گەنجی فەیلی کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 30 ساڵدا بوو بەشێوەیەکی دڕندانە لەناوبران، تائێستا کەس نازانێت لە کوێش نێژراون”.

سـەرۆک مەسعود بارزانی، راشیگەیاند: “بێگومان لە ساڵی 1981 تاقیکردنەوە کیمیاییەکان لە ناوچەی ‘عەکاشات’ لەسەر زیاتر لە 300 گەنجی فەیلی ئەنجامدران. دواتر هەمان تاقیکردنەوەیان لەسەر نزیکەی 150 گەنجی بارزانی ئەنجامدا، کە بەهەمانشێوە پاکتاوکران، کۆمەڵکوژی دژی کوردانی فەیلی بەشێک بوو لە زنجیرەی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژیانە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدران. هەروەها هەموومان ئەو کارەسات و کۆمەڵکوژییەی دژی کوردانی ئێزیدیمان بە چاوی خۆمان بینی، کە لە سەرووی هەموو چاوەڕوانییەکاندا بوون”.

سەرۆک بارزانی، لە وتارەکەیدا گوتی: “خوشک و برایانی بەڕێز، وتار و لێدوان بەس نین، بەڵکوو پێویستە بەدوای هەموو ئەو رێگەیانەدا بگەڕێین، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە بوونەوەی تاوانی هاوشێوە بگیرێت. هەر لەبارەی سەرجەم قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژانەی دژی گەلی کوردستان و بەتایبەت دژی کوردانی فەیلی ئەنجامدراون، پێویستە قەرەبوویەکی دادوەرانەی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە و سەرجەم مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە”.

لە وتارەکەی سەرۆک بارزانی، گوتی: “لێرەوە پێشنیار دەکەم ناوەندێکی تایبەت لە هەولێر دابمەزرێنرێت بۆ بەدواداچوون و کاروبارەکانی کوردانی فەیلی و وەکو مەرجەعێک بێت بۆیان. لە کۆتاییدا دەڵێم، “وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ” و سلام عليكم ورحمة الله وبركاته”.

دەقی وتاری سەرۆک بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی بەڕێز هەمووتان بەخێر بێن
خوشك و برا فەیلییەكان، خۆشهاتن و بە بان چاو

سەرەتا دەمەوێ بەخێرهاتنی ئامادەبوانی بەڕێز بكەم و هیوای سەركەوتنی تەواو بۆ ئەم كۆنگرەیە بخوازم. كۆنگرەی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ جینۆساید دژی گەلی كوردستان، ئەم كۆنگرەیەش تایبەتە بە جینۆسایدی كوردانی فەیلی.
گومانی تێدا نییە كە فەیلییەكان بەشێكی سەرەكیی گەلی كوردن و لێی جیاناكرێنەوە، بە هەموو ڕێگەیەك هەوڵی لەناوبردنیان دراوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەوڵانە، ناسنامە و ڕۆشنبیریی خۆیان پاراستووە، سەرەڕای ئەوەی كەوتوونەتە ژێر پەلاماری دوولایەنە.

خەباتگێڕانی فەیلی بەشدارییەكی كارایان لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشداریشیان لە سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول كردووە، رەنگە زۆر لە ئامادەبوان ئەوە بزانن كە چەند پۆستێكی گرنگی سەركردایەتیی پارتی لە لایەن خەباتگێڕانی فەیلییەوە بەڕێوە دەبران، وەك سكرتێری پارتی، سەرۆكی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، سەرۆكی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و زۆر پێگەی دیكە. فەیلییەكان بەهۆی وەفاداری و دڵسۆزی و ئینتیمایان بۆ كارەكەیان، متمانەی بارزانیی نەمریان بەدەست هێنابوو.

فەیلییەكان كەوتوونەتە ژێر مەینەت و كارەساتی زۆر، رژێم بە زۆر ئامراز هەوڵی داوە بۆ ئەوەی لە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیان دایانبماڵێت و لە نەتەوەكەیان دایانببڕیت، بەڵام سەرجەم ئامرازەكان شكستیان هێنا، بۆیە پەنایان بۆ ئامرازی دڕندانە برد، لەنێویشیاندا دوورخستنەوەی زۆرەملێ بەو پاساوەی ئەوان بیانین، هەروەها دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوە، وێڕای هەموو ئەوانەش، ئەو ژمارەیەی كە گومانی تێدا نییە، 12 هەزار گەنجە و ڕەنگە زیاتریش بێت بەڵام ئەوە ژمارەكەیە كە لێی دڵنیاین، تەمەنیان لە نێوان 18 تا 30 ساڵ، بە شێوەیەكی دڕندانە پاكتاو كران و تا ئێستا كەس نازانێت لە كوێ نێژراون.
بە دڵنیاییەوە لە ساڵی 1981، چەكی كیمیاوی لە ناوچەی (عەكاشات) لەسەر 300 گەنجی فەیلی تاقی كرایەوە، دواتر هەمان كردار لەسەر دەوروبەری 150 گەنجی بارزانی تاقی كرایەوە كە ئەوانیش پاكتاوكران.

كارەسات و كۆمەڵكوژكردنی فەیلییەكان، حەلقەیەكە لەو زنجیرە تاوانەی كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون، هەموومان ئەوەمان بینی كە ئێزدییەكان بەسەریان هات لە كۆمەڵكوژی كە هەموو پێشبینییەكانی تێپەڕاند. گەلی ئێمە ئەم تاوانانە لەبیر ناكات، بەڵام كە دەرفەتی بۆ هاتۆتە پێشەوە، تۆڵەی نەكردۆتەوە و نایكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تاوانانە لەبیر ناكات.

برایان و خوشكان
وتار و وشەكان بەس نین، بەڵكوو دەبێت لێكۆڵینەوە لە هەموو ئامرازێك بكرێتەوە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە لە داهاتوودا، هەروەها بۆ هەموو قوربانییەكی كۆمەڵكوژی لە كوردستان بە تایبەتیش كوردانی فەیلی، دەبێ قەرەبووێكی دادپەروەرانەی ماددی و مەعنەوییان بكرێتەوە و سەرجەم مافەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە پێشنیاز دەكەم سەنتەرێك لە هەولێر بكرێتەوە بۆ چاودێریكردنی تەواوی كاروبارەكانی فەیلییەكان، لە جێی مەرجەعێك بێت بۆ فەیلییەكان.
لە كۆتاییدا دەڵێم:

دڵخوازەكانتان