عەبدوڵای کوێخا موبارەک پەیامێكی بڵاو كردەوە

عەبدوڵای کوێخا موبارەک كەسایەتیی دیاری سنووری چەمچەماڵ و كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی سوپاس و پێزانینی لەگەڵ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو كردەوە.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پەیامەكەیدا كە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و شاری چەمچەماڵ بە تایبەتی، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی مەرجەعی باڵای گەلی کوردستان و سەركردە و كەسایەتیە سیاسییەكانی ناردووە، سوپاسی پرسەنامەكان و بەشداریكردنیان لە پرسەی جوانەمەرگ سەرھەدی كوڕی كردووە.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک لە پەیامەكەیدا هەروەها سوپاسی سیداد بارزانی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیان، شێخ نیھاد بارزانی، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، مامۆستایانی ئاینی، بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئەمنی کوردستان، کوردانی تاراوگە، ئەندامان و سەرۆک ھۆزە تورکمان و عەرەبیەکانی کەرکووک و ناوچەکەی كردووە، بۆ بەشدارییان بە پەیوەندی تەلەفۆنی، پرسەنامە و ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردن و پرسەی جوانەمەرگ سەرھەد.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا بۆ ڕای گشتی ڕوون كردووەتەوە کە ئەوان ھەرگیز خوازیاری ئەو بارودۆخە نەخوازراو و ململانێ ناوخۆییە نەبوون و نین، کە تاقمێکی چەتەگەرایی لە یاسا دەرچوو بەسەریاندا سەپاندوون و بە دروشمی یان لەگەڵمان بە یان دوژمنمانیت، دەست بۆ ھەموو پیلانگێڕییەکی نائەخلاقی دەبەن و دژی ھەموو بەھا و پیرۆزی و ئازادییەکی ئەو کەسانەن لەگەڵیان نین و ڕا و ڕێگای جیاواز لەوانیان ھەیە.

عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەشڵێ: “ئەو دەستە و تاقمە لە درێژەی ھەڵمەتی شەڕانگێزی و ھەوڵی تاوانبارکردن و ناشیرینکردنی ئێمە، لەبەرئەوەی ڕامان جیاوازە لەوان و ڕێگای جیا لەوانمان گرتۆتەبەر، لە شەوی ٢٠/٣/٢٠٢٢ کەسێکی سەر بەو دەستە و تاقمانە کە ڕابردوویەکی پڕ لە شەڕانگێزی و تاوانی ھەبوو لە شاری چەمچەماڵ، بەشێوەیەکی نادیار کوژرا و ئێمەی پێ تۆمەتبار کراین و سکاڵامان لێ کرا، ئێمە بێ باکانە بە شاھید و ئیسپات و بەڵگەی بێ تاوانیمانەوە ھەموو ئەوانەی سکاڵای لێ کرابوو چووینە دادگا و بچوکترین بەڵگە و دەلیل نەبوو لە دژمان و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دادگا و دادوەری بەڕێز بووین، بەڵام لە گەڕێکی تری شەرفرۆشی و پیشەی ھەمیشەییان دەستیان بردووە بۆ نائەخلاقیترین و ترسنۆکانەترین کاری نابەجێ و لە ڕۆژی ٢٥/٤/٢٠٢٣ کە زانیویانە ئێمە لە سەفەری دوورین و لە سنوری چەمچەماڵ نین، بە سێ سەیارە مەفرەزەیەکی تایبەت و برای کوژراوەکەی پارساڵ کاکە سەرھەدی جەستە کەمئەندام و بێ تاوان و دوور لە ھەموو ململانێیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان شەھید کرد، لە کاتێکدا لەسەر ڕووداوەکەی ساڵی پاریش سکاڵا لەسەر ئەو تۆمار نەکرابوو.”

هەروەها بەڵێنی داوە بە ڕوحی سەرھەدی جوانەمەرگ و خەڵکی کوردستان کە تا دوا ھەناسە کۆڵ نادەن و تێدەکۆشن بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و کەشێکی ئازاد و ئارام لە کوردستاندا و ئاسوودەکردنی ڕۆحی سەرھەدی جوانەمەرگ و بێتاوان. بەڵێنی کۆتاییشی بەردەوامبوونە لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بە ڕابەرایەتی مەرجەعی باڵای گەلی کورد سەرۆک مەسعود بارزانی و لە ڕێگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەتەوە و نیشتیمانی خۆمان خزمەت دەکەین و دەیپارێزین. سەرھەد شەھیدی دەستی زوڵمە و کۆستێکی زۆر گرانە، لەبەرئەوەنا کە خوێنی لە خوێنی گەنجەکانی تری کوردستان زیاتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بێ تاوان و کەم ئەندام و دوور لە ھەر ململانێیەک و بە تەنیا و بێ چەک شەھید کراوە.

دڵخوازەكانتان