هێزەکانی ئاسایشی سۆران دوو بکەرانی سەرەکی رووداوی تەقەکردن لە قایمقامی قەزای رواندزیان دەستگیر كرد
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن چەند کەسێک تەقە لە ئەحمەد قادر قایمقامی رواندز کرد، دوو لە تەقەکەرەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکران.
هێزەکانی ئاسایشی سۆران دوو بکەرانی سەرەکی رووداوی تەقەکردن لە قایمقامی قەزای رواندز دەستگیرکردو رێکاری یاسایی دژی تۆمەتبارەکان دەگیرێتەبەر و سزا دەدرێن.
شەوی رابردوو 26/4/2023، لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی هاووڵاتییەکی کۆچکردووەی دەڤەرەکە، لە گۆڕستانی بەرگوان قەزای سۆران، کۆمەڵە کەسێک هەڕەشە لە قایمقامی رواندز دەکەن و دواتر تەقەی لێدەکەن.
پاش رووداوەکە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ماڵی قایمقامی رواندز راگەیاند، “تەقەکان بەشێوەیەکی هەوایی بەسەر قایمقامی رواندزدا کراوە و سەلامەتە“.
لەبارەی هۆکاری ئەو رووداوە، هەڵگورد شێخ نەجیب روونیکردەوە، بەهۆی کێشەیەکی سیاسی پێش راپەڕین بووە و دواتریش چارەسەرکراوە و لەبەرئەوەی خزمی یەکترن، دووجار دوای راپەڕین پێکەوە دانیشتوون و بنەماڵەی ئەحمەد قادر نەرمییان بەرامبەر ئەو کەسانە نواندووە، بەڵام ئێستا چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ لەو بنەماڵەیە ئەو کارەیان ئەنجامداوە“.