“30 یه‌كەی نیشتەجێبوون و خانوومان بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و منداڵانی نازداری بێ دایك و باوك و كرێچییان دابین كرد”

لە سەرەتای مانگی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵەوە، بەپێی بەرنامەیەكی رێكخراو، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەموو ئێوارەیەك لەگەڵ خێزانێكی كەمدەرامەت بەربانگی دەكرد و كلیلی خانووێك، یان یەكەیەكی نیشتەجێبوونی پێشكەش دەكردن

گۆهدار شێخۆ، سه‌رپه‌شتیاری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، لە پرێس كۆنفرانسێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: “ئێوە هەمووتان ئاگادارن، لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا ئێمە لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدارەكانی زاخۆ و دەڤەرە جیاجیاكان، هەندێ هاوكاریمان پێشكەش بە خەڵكی كەمدەرامەت كرد، خزمەتكردنی خەڵك ئەركی ئێمەیە و هیچ منەتێك بەسەر كەسەوە ناكەین، چونكە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مه‌سرور بارزانى، ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو،‌ كە ئەم كابینەیە كابینەی خزمەتكردنی خەڵكە و ئێمەش بەردەوامیمان بەو خزمەتە دا.”

گوتیشی: “دەوڵەمەندانی زاخۆ و دهۆك و هه‌ولێر و ده‌ڤه‌رە جیاجیاكان لەگەڵ دەزگای خێرخوازیى بارزانى رۆڵێكی گرنگیان هەبوو، تاوەكوو ئێمە بتوانین بەرنامەكەمان بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكەین، كە زیاتر لە 30 یه‌كەی نیشتەجێبوون و خانوومان بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و منداڵانی نازداری بێ دایك و باوك و كرێچییان دابین كرد و بەڵێنیش دەدەین ساڵی داهاتوو باشتر خزمەت بە خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكەین.”

سه‌رپه‌شتیاری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، گوتیشی: “هەروەها هاوكاریی دارایی، بەگوێرەی رادەی هەژارییان، بەسەر زیاتر لە سێ هەزار خێزان پێشكەش كرا، سێ هەزار و 500 سەبەتەی خۆراكیش بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت دابەش كرا و چەندین بەرنامەی دیكەی خێرخوازیمان لەم مانگە پیرۆزەدا هەبووە، كە سەرمایەدارانی زاخۆ پشتیوانییان لەم كارانەدا كردووە، بەڵێنیش بە خەڵك دەدەین، لەسەر رێبازی مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بین لە خزمه‌تكرنی خەڵكی خۆشەویستی خۆمان.”

دڵخوازەكانتان