مووچەی پێشمەرگەی ئەیلول لەسلێمانی ڕاگیرا

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە رای گەیاندووە، ئەمڕۆ 20ی نیسانی 2023، مووچەی چەند دامەزراوەیەك و خانەنشینانی پێشمەرگە دابەش دەكرێت. بەڵام كە كاتێك خانەنشینانی پێشمەرگەی ئەیلوول سەردانی بانكەكانیان كردووە بۆ وەرگرتنی مووچە، مووچەكانیان پێ نەدراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە فەرمانیان پێ كراوە.

سه‌ید به‌هادین ئیمامی، به‌پرسی هێزی خه‌بات له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ (كە هێزێكی سەر بە دەزگای ئەیلوولە) گوتی: “ئاگاداری پێشمەرگەكانی خانەنشینی ئه‌یلوول كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ سنووری سلێمانی مووچه‌كانیان راگیراوه‌ و پێیان نادرێت، قوباد تاڵه‌بانی لەم بڕیارە بەرپرسیارە، چونكە خۆی و ژمارەیەكی دیاریكراوی بەرپرسان لەناو یەكێتی، دەستیان بە دزینی داهاتی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ كردووه‌ و پاره‌ی بانكەكانیان نه‌هێشتووه‌، لەولاوە مووچه‌ی خه‌ڵكی داماو و هەژاری ئەم سنوورە دەبڕن.”

هەروەها کامەران غەریب، نووسەر و چاودێری سیاسی لە سلێمانی دەڵێت ، ئەو بڕیارە لە لایەن قوباد تاڵەبانییەوە درابێت، ”زوڵم و تاوانێکی گەورەیە.“

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئەم بڕیارە درێژەی ئەم كارانەیە كە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی پێشتر لەنێو حكوومەت دەیانكرد و ئێستا لە دەرەوەی حكوومەت دەیكەن، لە كاتێكدا ”هەقە خەڵكی سلێمانی ئەوە بزانن كە پارەی پێویست بۆ مووچە تەرخان كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی داهاتی سلێمانی ناگەڕێندرێتەوە بۆ بانكەكان، بۆیە كێشەی مووچە دروست كراوە.“

جەختیشی كردەوە: ”نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی ئەسڵ و ئەساسی نییە، بەڵكوو ئەو پارەیەی یەکێتی لە داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکانەوە دەستی دەکەوێت، ھیچی ناگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو داھاتی زەبەلاحی زۆنی سەوز دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی یەکێتییەوە.“

هەر لەبارەی داهاتی سلێمانییەوە، دوێنێ چوارشەممە 19ی نیسانی 2023، وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەیەكدا رای گەیاند كە هاوشێوەی هەموو مانگێك، پارەی پێویستی مووچە بۆ سلێمانی نێردراوە، بەڵام ”کێشەی کورتهێنان و کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی نوێ نییە و لە ساڵی 2021ەوە دەستی پێکردووە.

جەختیشی كردەوە كە مانگی رابردوو 34 ملیار دینار لە پشكی سلێمانی زیاتر لە هەولێرەوە بۆ وەزارەتەكە نێردراوە و لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووش جارێکی تر بڕی 29 ملیار دینار لە دەرەوەی پشکی سلێمانی بۆ بانکەکانی سلێمانی نێردراوە.

شۆڕشی ئەیلوول، گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستانە كە لە ساڵی 1961ەوە بە رابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرا، بۆیە چاودێران پێیانوایە راگرتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەسەر بنەمای حزبییە.

دڵخوازەكانتان