لە ماوەی شەوێکدا لە گازینۆ و یانە شەوانەکاندا 191 هاووڵاتی دەستگیرکراو

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی شەوێکدا لە گازینۆ و یانە شەوانەکاندا 191 هاووڵاتی دەستگیرکراون کە خەریکی قومارکردنبوون و سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز.

سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی وەزارەتەکەیان، لە چوار شوێنی بەغدای کە یاریەکانی بلاکجاک و رۆلێتیان تێدا ئەنجامدراوە، 191کەسیان بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیکردووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لەو هەڵمەتەدا 159 هاووڵاتی عێراقی و 32 هاووڵاتی بیانی کە لەنێویاندا ئافرەت هەیە، دەستگیرکراون و دەستبەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەختینەشدا گیراوە.

ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دەرکەوتووە چەند هاووڵاتیەک لەسەر زەوی بە دەوری یەکتردا دانیشتوون پێش ئەوەی دەستگیربکرێن، هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا مێزی یارییەکانی رۆلێت و بلاکجاک دەبیندرێت، هەروەها بوتڵی خواردنەوە کحولییەکان لەسەر مێزەکان جێماوە، کە فرۆشتنی لە مانگی رەمەزاندا قەدەغەیە.

لە (4ـی ئادار/مارسی 2023)، دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق گشتاندنێکی بۆ سەرجەم گومرگ و خاڵەسنوورییەکان دەرکرد بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هەموو جۆرە خواردنەوە کحولییەکان، لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 2023ی تایبەت بە داهاتەکان.

دڵخوازەكانتان