تا بودجە خەرج دەکرێت ناردنی٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان درا و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێ، ھیچ کێشەیەکی یاسایی لە بەردەم خەرجکردنی پارەکەدا نییە و تا بودجە خەرج دەکرێت ئەو پارەیە دێتە ھەرێمی کوردستان.

شێروان جەمال، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا، مانگانە ٤٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت تا ئەو کاتەی یاسای بودجە پەسەند دەکرێت، ئەویش بۆ خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: “بڕیارەکە سەداسەد یاسایییە و لە چوارچێوەی یاسای دارایی دەرکراوە، لەبەر ئەوەش، باوەڕ ناکەم ئاستەنگ بۆ ناردنی دروست بکرێت لەلایەن دادگای فیدراڵی، یان ھەر لایەنەکی دیکە.”

شێروان جەمال ڕوونی کردەوە: “ئەو پارەیە وەک قەرز دەدرێتە ھەرێمی کوردستان و دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە لە پشکی ھەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، بەڵام ئێستا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە کراوە و دوای جەژن میوانداریی وەزیر و پارێزگارەکان دەکرێت و دواتر بودحە پەسەند دەکرێت و پێویستی بە ئیمزای سەرۆککۆمارە، ئیدی زۆری ماوە لەبەر ئەوەش بەغدا تا ئەوکات ٤٠٠ ملیارەکە دەنێرێت.”

دڵخوازەكانتان