بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی دووی پارتی وەڵامێكی توندی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی دەداتەوە

دوای ئەوەی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی ٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە راگەیاندراوێك وەڵامێكی توندییان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: ”وادیارە خزمەتە بەردەوامەکانی حکوومەت و گەشانەوەی هەولێر و خۆشەویستیی خەڵک بۆ سەرۆکی حکوومەت بە تەواوی سەغڵەتی کردوون، بە جۆرێک، کە بەرچاویان ڕەش بووە و شێوازی ئاخاوتنیشیان بیر چووەتەوە، هەر بۆیە جگە لە چەواشەکاری هیچیتریان لەهەگبەدا نەماوە.“
راگەیاندراوەكەی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی دووی پارتی، تێیدا هاتووە: ”چۆن ڕووتان دێت بڵێن خیانەتمان نەکردووە؟ لە کاتێکدا بە نوێژی نیوەڕۆ و بە بەرچاوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی هەرێمتان فرۆشت و ئەوکات شانازیشتان بەو خاکفرۆشییەتانەوە دەکرد، خیانەتێکی سەلمێنراو بە وەسیقەی ئیمزاکراوی دەیان ئەندامی سەرکردایەتیتان. ئەو وەسیقەیەی کە لەتکە سەرۆکەکەتان دوای نۆشکردنی دوو سێ تایگەری پڕ لە حەب، بەرزی کردەوە. کەچی دروشمی کوردستان یان نەمان دەڵێتەوە و کوردایەتیمان پێ دەفرۆشێت.“
بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی دووی پارتی، روونیشی دەكاتەوە، كە کار و پیشەی یەكێتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روون بووەتەوە، کە جگە لە خیانەت و خاکفرۆشی و چەواشەکاری و ملکەچی، هیچیتر نییە. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین نموونەی بیر هێناونەتەوە و دەڵێ ”مستەفا سەلیمیتان ڕادەست كرد و لە سێدارە درا. لە هەورامان و گەرمیان و سلێمانی بەچاوساغیی ئێوە کادیرانی پەکەکە دەکرێنە ئامانج و ڕۆژانە دەکوژرێن. دەتانویست زوڵمی ڕۆژگار لە مەزڵووم عەبدی بکەن و میوانەکەتان بفرۆشن. لە هەمووشیان قێزەونتر، لە ناوجەرگەی ئەو هەولێرەی، کە ئێستا دەتانەوێ‌ چەواشەکاریی تێدا بکەن، لە کردەوەیەکی تیرۆرستیدا (عەقید هاوکار) و خێزانەکەیتان کردە ئامانج.“

راگەیاندراوەكەی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی ٢ی پارتی ئەوەش وەبیر مەڵبەندی هەولێری یەكێتی دێتێتەوە، كە: ”هەرچیی وەبەرهێنەری سلێمانییە لە ترسی سەرانەوەرگرتنی ئێوە شاریان جێهێشتووە و سەری خۆیان هەڵگرتووە. بەهۆی گەندەڵییەکانتان و بردنی داهاتی سنوورتان لەلایەن ئەوەی پێی دەڵێن ئیدارەی گشتی، هاووڵاتییانی ئازیزمان لە نۆرەی موچە لەبەردەم بانکە بەتاڵەکانتاندا دەمرن.“

بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی ٢ی پارتی لە وەڵامی مەڵبەندی هەولێری یەكێتی دەشڵێ: ”گوێ لە لێدوانی سەرانی عەرەبی شیعە و ئاغاکانتان بگرن، ئینجا حاشا لە مەیلی چەندبارەی جاشایەتیتان بۆ بەغدا بکەن، کە لەوەشیان ناشیرین و دەستبەتاڵ دەرچوون.“

راگەیاندراوەكەی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی ٢ی پارتی جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە: ” ئێمە لە سەرچاوەی ڕقتان بەرامبەر بە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان تێ دەگەین، کاتێک جەنابی سەرۆک وەزیران پێتان دەڵێت شەرمە ناتوانن ئیدارەی شارەدێیەک بکەن، بۆ بە ڕقەوە پەلاماری دەدەن، لەکاتێکدا ئاماری دزی و ڕاو و ڕووتی دەروازە سنوورییەکانتان ڕاستییەکانمان پێ دەڵێن، سەرۆک وەزیران ڕووی ڕەشی تیرۆرستان لە شەهیدکردنی (عەقید هاوکار) دەخاتە ڕوو، پێتان دەڵێت دەستی پیسی حزب لە فڕۆکەخانە و دامودەزگاكانی حکوومەت بکشێننەوە.“

لەكۆتاییدا راگەیاندنی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی ٢ی پارتی دەشڵێ: ”سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ناحەق مجامەلەتان ناکات و پێتان دەڵێت بوەستن و هێڵە سوورەکان چیتر مەبەزێنن، کەچی ئێوە هەر بە ڕبەی تەقتەق دەیپێون و فێری حوکمڕانی نابن. سەرۆکی حکوومەت خەریکی دەوڵەتداری و بنیاتنانە، ئێوەش لەسەر ڕێگا خەریکی حەپە و چەقە و نەڕەن. پێشینان ڕاستیان فەرمووە (لەگەڵ ………. کەوتینە چاڵ؟)“

دڵخوازەكانتان