مەسرور بارزانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کۆببێتەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەن.
چەند سەرچاوەیەک بە میدیای بەریتانییان راگەیاندووە “کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت بانگهێشتی هەولێر کراون بۆ ئەوەی بەیانیی رۆژی سێشەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە”.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە کۆبوونەوەکەدا “سەرنج دەخرێتە سەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مەرج و رێساکانی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لە رێگەی سۆمۆوە، میکانیزمی پێشنیازکراو بۆ دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و پشکیان لە فرۆشی هەناردەی نەوت لە داهاتوودا”.
میدیای بەریتانی لەسەر زاری چوار سەرچاوە باس لەوە دەکات، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان “کێشە تەکنیکییەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان چارەسەر کردووە”.
رۆژی 25ـی ئادار، بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کورستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا، کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بوو. ئەوەش دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تێیدا رایگەیاندبوو “تورکیا رێککەوتنێکی پێشێلکردووە بە رێگەدان بە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ رەزامەندی بەغدا.
لە دوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی رابردوو، کۆمپانیاکانی نەوت بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لە جیاتی هەناردەکردنی، نەوتیان کۆگا دەکرد. لەبەر سنوورداربوونی توانای کۆگاکردن، کۆمپانیاکانی نەوت بەناچاری بیرە نەوتییەکانیان بەشێوەیەکی کاتی داخست.