ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکات
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجادەدەن.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتی پەرلەمانی عێراق، پاش ئەوەی لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی لیژنەکانی دارایی، پلاندانان و راژەی فیدراڵی، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان، دانیشتنەکە کاتژمێر 8:30 خولەکی ئێوارە دەستپێدەکات و چاوەڕوانیش دەکرێت پاش خوێندنەوەی دووەم بخرێتە دەنگدان.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 4ی ئەم مانگە پەرلەمان بەبێ ئامادەبوونی محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاساکە کرد.
قەبارەی بودجەکە بە گشتی 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.