ئەمڕۆ 64ـساڵ بەسەر گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانییه‌كان له یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا تێدەپەڕێت
له‌گه‌ڵ به‌رپابوونى شۆڕشى 14ى ته‌مووزى 1958، به سه‌رۆكایه‌تیى ژه‌نه‌راڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ڕ‌ژێمى پاشایه‌تی له عێراق ده‌ڕووخێت، پاشان عێراق ده‌بێته وڵاتێكى كۆمارى و باس له یه‌كسانیى هه‌موو تاكه‌كانى عێراق و هاوبه‌شیى هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. گه‌لى كورد و عه‌ره‌ب قۆناغێكى كرانه‌وه و كه‌شێكى تا ڕاده‌یه‌ك دیموكراسى و ئازادییان بۆ ده‌سته‌به‌ر كرا و دۆخى سیاسیى كوردیش بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ره‌وپێشچوونێكى باشى به‌خۆیه‌وه بینى و له‌ژێر ”دروشمى كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له‌م وڵاته‌دا” گه‌شانه‌وه‌یه‌كى باش به ڕه‌وشی عێراقه‌وه ده‌بینرا.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى قاره‌مانانى بارزان و مسته‌فا بارزانی و هاوه‌ڵانى درا، لێبووردنى گشتى بۆ به‌ندكراوه سیاسییه‌كان ده‌رکرا و ئازاد كران، دوورخراوه‌كانیش گه‌ڕێندرانه‌وه زێدى خۆیان.
له ڕێكه‌وتى 6ی 10ی 1958 له ڕۆژى دووشه‌ممه، سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی و میرحاج ئه‌حمه‌د و ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی كه یاوه‌رى بوون، ده‌گه‌نه فڕۆكه‌خانه‌ى (موسه‌ننا) له شارى به‌غدا و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌رێكى زۆرى نه‌ته‌وه‌ى كورد و عه‌ره‌ب، به خۆشحاڵییه‌كى زۆره‌وه پێشوازیی پاڵەوانیان لێ كرا و وه‌ك قاره‌مانێكى مه‌زن له‌ئامێزیان گرت.
دواتریش له‌دواى شه‌ش مانگ و ١٠ ڕۆژ، واته له ڕێكه‌وتى 16ی 4ی 1959دا هه‌ڤاڵان و یاوەران و هاوه‌ڵانى بارزانى، به كه‌شتییه‌ك له یه‌كێتیى سۆڤیه‌ته‌وه گه‌ڕانه‌وه به‌نده‌رى به‌سڕه و به ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رێكى زۆر له سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانى كورد و عه‌ره‌ب پێشوازى و ئاهه‌نگ و مه‌راسیمێكى گه‌وره‌یان بۆ ساز كرا و سەرۆك و رێبەر مسته‌فا بارزانییش له‌وێدا وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
جه‌لال تاڵه‌بانى، سه‌ركۆمارى پێشووترى عێراق، له دیدارێكیدا سه‌باره‌ت به ڕۆژى هاتنه‌وه‌ى هاوه‌ڵانى بارزانى، باس له گه‌وره‌یى و بایه‌خى ئه‌و پێشوازییه ده‌كات و ده‌ڵێت: ”به‌ته‌مه‌نه‌كانی به‌سڕه ده‌گێڕنه‌وه، كه ئه‌وكات سه‌دان هه‌زار كه‌س بۆ پێشوازیكردن له بارزانییه‌كانى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت، له سه‌نته‌ری ئه‌و شاره‌دا له چاوه‌ڕوانیدا بوون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س چووبوونه به‌نده‌ر بۆ پێشوازیكردنیان له كه‌ناره‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب، به‌هۆی زۆری و قه‌ره‌باڵغیی خه‌ڵكه‌كه‌وه، چه‌ند كه‌سێك كه‌وتنه ئاوه‌كه‌وه و نوقم بوون“.
تاڵه‌بانی ده‌شڵێت: ”مێژووی گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانى بۆ به‌غدا و بارزانییه‌كان له به‌سڕه‌وه بۆ عێراق، وه‌كوو ڕۆژێكی مێژوویی لێ هاتبوو، خه‌ڵكی له قسه‌كانیاندا كاتێك باسی ڕووداوێك، یان ڕێكه‌وتێكیان كردبا، ده‌یانگوت پێش هاتنه‌وه‌ی بارزانییه‌كان، یان دوای هاتنه‌وه‌ی بارزانییه‌كان“.
سیاسه‌تمه‌دارى گه‌وره‌ى كورد، مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د، سكرتێرى پێشووترى حزبى شیوعیى عێراق ده‌ڵێت: ”كه بارزانی گه‌ڕایه‌وه، ئه‌و جۆره پێشوازییه‌ی له باشوور و له ناوه‌ڕاست و له كوردستاندا لێی كرا، حه‌قى خۆى درایه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، به‌ڵكوو حه‌قیقه‌ت و جه‌وهه‌رى بارزانیى زیاتر ده‌رخست“.
د.كه‌مال محه‌مه‌د سه‌عید خه‌یات، كه‌سایه‌تیى ناسراوى شارى سلێمانى، پسپۆڕ و ئابووریناس و سه‌رۆكى پێشووترى زانكۆى سلێمانى، كه ماوه‌یه‌ك مامۆستاى زانكۆى به‌سڕه بووه، به‌م جۆره له هاتنه‌وه‌ى هاوه‌ڵانى بارزانى ده‌دوێ و ده‌ڵێت: ”ئه‌و ڕۆژه واتا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان به مێژوویه‌كی پڕ‌شكۆ داده‌نرێت. هاتنه‌وه‌ی بارزانی بۆ به‌غدا و پاشان بازرانییه‌كان له سۆڤیه‌ته‌وه، ئه‌و ڕۆژه‌ی گه‌یشتنه (لیوای به‌سره)، له سه‌رانسه‌ری عێراقدا بوو به جه‌ژن و شادی، كاتێك بارزانى گه‌یشته به‌غدا و له ئۆتێلی (سه‌میرئه‌میس) نیشته‌جێ بوو، پۆل پۆل له هه‌موو چین و توێژه‌كانی شاره‌كانی عێراقه‌وه ده‌چوون بۆ سه‌ردانی و زیاره‌تی، ئه‌مه‌ش هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام بوو. هه‌روه‌ها ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهاندا هه‌بوو.“
كاتێك بارزانییه‌كان له ساڵی 1959 له ڕووسیاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵات، (عه‌ره‌بی ئه‌لخومه‌یسی)، به پله‌ی موقه‌ده‌م ڕوكن ئه‌فسه‌ر بووه له حامیه‌ی به‌سڕه و ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشوازی بووه له بارزانییه‌كان، دواتر وه‌ك پارێزه‌رێكى یاسایى به‌ناوبانگ ده‌ركه‌وت، ده‌ڵێت: ”خه‌ڵكى به‌سڕه هه‌ر له به‌یانى زووه‌وه له‌ناو شه‌تولعه‌ره‌بدا چاوه‌ڕوانى پاپۆڕه‌كه بوون، تا گه‌یشتنه‌وه‌ى بارزانییه‌كان“.
ڤه‌له‌نتاین كۆلۆسۆڤه، خێزانی یه‌كێك له هاوه‌ڵه‌كانى بارزانی، به ڕه‌گه‌ز ڕووسییه، ده‌ڵێت: ”له گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانی و هاوه‌ڵه‌كانى، پێشوازییه‌كى زۆر مه‌زن كران و هه‌میشه له‌یادمه“.
پاوڵ دیمچنكۆ، ڕۆژنامه‌نووس، ده‌ڵێت: ”به سه‌دان به‌له‌م چووبوون بۆ پێشوازیى پاپۆڕى كورده گه‌ڕاوه‌كان، زۆر به جوانی و گه‌وره‌یی پێشوازییان لێ كردن، ته‌نانه‌ت فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى عێراق، وه‌ك ڕێزلێنان به‌سه‌ریاندا ده‌فڕین.“
ئه‌لیكسه‌نده‌ر كیسلۆڤـ، 1973- 1974، لێپرسراوى به‌شى چالاكییه ده‌ره‌كییه‌كانى ده‌زگای (KGB)ی ڕووسی ده‌ڵێت: ”جه‌ماوه‌رێكى هێجگار زۆر بۆ پێشوازى هاتبوون، حاڵه‌تى زۆر به هه‌ست و سۆزم ده‌دى، هه‌ندێك له كورده‌كان خاكى وڵاتیان ماچ ده‌كرد، كه دوای دوازده ساڵ شاد بوونه‌وه به وڵات، بێگومان پڕه له هه‌ست و سۆز.“
چه‌ند وتار و ڕاپۆر و چه‌ند هه‌واڵێك له‌سه‌ر بارزانى و گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانییه‌كان و وتارى مسته‌فا بارزانى له به‌سڕه بۆ ئاماده‌بووانى مه‌راسیمى پێشوازیكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوه‌ڵانى بارزانى پێشكه‌ش كرا.
له ڕۆژنامه‌ى (ژین)، ژماره (1439)، ڕۆژى دووشه‌ممه، ڕێكه‌وتى 20/4/1959 له لاپه‌ڕه (1)دا هاتووه: ”ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ى ڕابورد، برا بارزانییه تێكۆشه‌ره‌كان، كه ئیستعمار و نۆكه‌رانی ئیستعمار ده‌ربه‌ده‌ریان كردبوون، به بۆنه‌ى شۆڕشه ئازادییه‌كه‌یانه‌وه گه‌یشتنه به‌سڕه و جه‌ماهیری به‌سڕه‌ى به‌شه‌ره‌ف، به گه‌وره و بچووكیانه‌وه، له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری (شه‌تولعه‌ڕه‌ب) نزیكه‌ى (6) سه‌عات به پێوه وه‌ستان بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌یان و سڵاو لێكردنیان، له كاتێكدا كه پاپۆڕه‌كه‌یان سه‌ری ده‌ركه‌وت، به هه‌زاران هاووڵاتیی به‌سڕه هاواریان ئه‌كرد (برایه‌تیی كورد و عه‌ره‌ب و ژیانی جمهووریه‌ت و پێشه‌وا قاره‌مانه‌كه‌ى) و پڕ به دڵ به‌خێرهاتنه‌وه‌ى برا نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانیان ئه‌كرد.
برا بارزانییه‌كانمان، ئه‌وانیش له‌ناو پاپۆره‌كه‌وه به‌ده‌م هاواریان ئه‌كرد و ده‌ستیان ڕائه‌وه‌شاند، وێنه‌ى خۆشه‌ویستی گه‌ل، عه‌بدولكه‌ریم قاسمیان به‌رز ئه‌كرده‌وه، به‌م جۆره هه‌تا پاپۆڕه‌كه خۆی دا له قه‌راغ ئاوه‌كه، ئینجا به‌ناو هاواركردن و چه‌پڵه‌ڕێزاندا، برا تێكۆشه‌ره (بارزانییه‌كان)، دوای نزیكه‌ى (12) ساڵ، به نیشتمان شاد بوونه‌وه و چاویان پڕ ببوو له فرمێسكی خۆشی و شادی، كه وا به سه‌ربه‌رزی گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان، بۆ ژیان، له‌ژێر سایه‌ى جمهووریه‌تێكی دیموكراتی سه‌ربه‌خۆدا، به سه‌ركرده‌ى قاره‌مانی دڵسۆز (عه‌بدولكه‌ریم قاسم).
له دوای دابه‌زینیان، خۆیان و خێزانه‌كانیان به‌ره و به‌غدا سوارى دوو شه‌مه‌نده‌فه‌رى تایبه‌تی بوون، ڕۆژی هه‌ینی سه‌عات (4) گه‌یشتنه به‌غدا و گه‌لێك له هاووڵاتییان و كاربه‌ده‌ستان به چه‌پڵه و هاواركردن بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌یان چوون به‌پیریانه‌وه و له‌دوای تۆزێك حه‌وانه‌وه، شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌یان به‌ره‌و كه‌ركووك ڕۆیی و سه‌عات (7)ی به‌یانی گه‌یشتنه كه‌ركووك و له‌وێش به‌خێرهاتنێكی گه‌رم كران، دواى ئه‌وه‌ش به‌ره‌و هه‌ولێر جووڵان و له سه‌عات (10)دا گه‌یشتنه هه‌ولێر و له محه‌له‌ى هه‌ولێر هاووڵاتییان به ژن و پیاو و گه‌وره و بچووكه‌وه، له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستان چوون به‌پیریانه‌وه و گه‌لێ وتار و شیعر خوێندرانه‌وه و گه‌لێ جار هاوار كرا به ژیانی جمهووریه‌ت و پێشه‌واى گه‌ل (عه‌بدولكه‌ریم قاسم). له دواییدا (میرحاج)ی تێكۆشه‌ر چه‌ند وته‌یه‌كی به‌ناویانه‌وه خوێنده‌وه، كه برا بارزانییه‌كانمان ئێستا له لیواى هه‌ولێر له چه‌ند شوێنێكدا دابنیشن، خانوویان بۆ ته‌رخان كراوه.
له ڕۆژنامه‌ى (ژین) ژماره‌ى (1440) ڕۆژى پێنجشه‌ممه 23/4/1959 لاپه‌ڕه (1-8)دا هاتووه:
تێكۆشه‌ر مسته‌فا بارزانى
وتارى به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رى به‌سڕه، له وێستگه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌ر خوێندییه‌وه
ڕۆژى پێنجشه‌مه 16- 4 – 1959
له‌و سات و كاته‌دا، كه یاوه‌رانى بارزانى له یه‌كێتیى سۆڤیه‌ته‌وه گه‌ڕانه‌وه و گه‌یشتوونه‌ته شارى به‌سڕه و ئاهه‌نگى پێشوازییه‌كه‌یان بۆ ساز ده‌كرێت، ڕۆژى 16/4/1958، بارزانیى نه‌مر، ده‌گاته شارى به‌سڕه و له‌وێدا به‌و بۆنه‌یه‌وه وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات. ڕۆژنامه‌ى (ژین)ى سلێمانى، بۆ هه‌فته‌ى داهاتوو له ڕۆژى پێنجشه‌ممه 23/4/1959دا، واته ژماره‌ى داهاتوو، ده‌قى وته‌كه‌ى مه‌لا مسته‌فا بارزانى وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانى كوردى و بڵاوی ده‌كاته‌وه.
سه‌ركرده مسته‌فا بارزانى، به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رى به‌سڕه، كه له وێستگه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌ر وتاری خوێنده‌وه، له ڕۆژى پێنجشه‌ممه 16/4/1959، واته یه‌ك هه‌فته دواى ئه‌و ڕێكه‌وته، له ڕۆژى پێنجشه‌ممه 23/4/1959، له ڕۆژنامه‌ى (ژین) له سلێمانى بڵاو كرایه‌وه. وتاره‌كه‌ى بارزانى به‌م شێوه‌یه بوو:
هاوڕێكانم، برا خۆشه‌ویسته‌كانم..
پڕ به دڵ به‌خێرهاتنه‌وه‌تان ئه‌كه‌م بۆ خاكى عێراقى خۆشه‌ویست، ئه‌و عێراقه‌ى كه له‌دواى چوارده‌ى ته‌مووزى پیرۆزه‌وه بووه به جمهووریه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى دیموكراتیى كورد و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێكهاته‌كانى تر و ئه‌و شۆڕشه‌ى كه ڕ‌ژێمى ئیستعمارى و ده‌ره‌به‌گى و كۆنه‌په‌رستیى له‌ناو برد، به‌هۆی تێكۆشانى گه‌لى عه‌ره‌ب و كورده‌وه و به یه‌كێتیى گه‌ل و سوپا، به سه‌ركردایه‌تیى ڕۆڵه‌ى گه‌ل عه‌بدولكه‌ریم قاسم. ئێمه‌ش (بارزانییه‌كان) شه‌ره‌فى به‌شداربوونى ئه‌م تێكۆشانه‌مان هه‌بووه، به پێشكه‌شكردنى قوربانى و خۆبه‌ختكردن، كه واى له ئیستعمارییه‌كان كرد ببنه دوژمنى هه‌ره گه‌وره‌مان و تۆڵه‌مان لێ بكه‌نه‌وه و به ڕه‌شاش و فڕۆكه‌ى ئینگلیز لێیان كوشتین و ماڵیان وێران كردین و منداڵ و پیریان له‌ناو بردین، له چه‌ند شه‌ڕێكدا، كه ئه‌وان زۆر زۆرتر بوون له ئێمه، بۆیه وایان لێ كردین كه نیشتمانى خۆشه‌ویستمان به‌جێ بهێڵین و بچین بۆ جمهووریه‌تى كوردستانى دیمو‌كراتى له ئێران، له دواییدا به‌هۆی خیانه‌تى خائینانى ئێران و ئیستعمارى ئه‌مه‌ریكاوه كه دژى جووڵانه‌وه‌ى سه‌ربه‌ستیى ئێران و جمهووریه‌تى كوردستان و ئازربایجان وه‌ستانه‌وه، وایان لێ كردین، خۆمان بگه‌یه‌نینه وڵاتى ئاشتى و سه‌ربه‌ستیى یه‌كێتیى سۆڤیه‌تى مه‌زن. ئه‌مانزانى كه ئه‌مانگرێته خۆى، چونكه قوربانیى تێكۆشان بووین به‌رامبه‌ر هێزى زوڵم و زۆردارى و له ماوه‌ى مانه‌وه‌ماندا له‌وێ، له‌لایه‌ن گه‌لى سۆڤیه‌تى به‌شه‌ره‌فه‌وه گه‌لێ ڕێزمان گیراوه و ده‌رگاى قوتابخانه و كارگه و كێڵگه و هه‌موو شتێكى ترمان زۆر به‌گه‌رمییه‌وه بۆ خرایه سه‌رپشت و وه‌كوو هه‌ر هاووڵاتییه‌كى دوورخراوه چاوه‌ڕێى ئه‌و ڕۆژه‌مان ده‌كرد كه گه‌له‌كه‌مان له عێراق به‌سه‌ر ئیستعمار و كۆنه‌په‌رستیدا سه‌ر بكه‌وێت و ئێمه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نیشتمانى خۆشه‌ویست.
له‌دواى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشى (14)ى ته‌مووز، ده‌رگامان بۆ خرایه سه‌رپشت بۆ گه‌ڕانه‌وه، هه‌روه‌كوو چۆن ده‌رگا خرایه سه‌رپشت بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌كى عێراق و ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش به‌رهه‌مێكه له به‌رهه‌مه‌كانى شۆڕشى گه‌له‌كه‌مان.
بێ گومانم له‌وه‌ى كه هه‌موویان ئه‌بنه هۆى یه‌كگرتن و به‌شدار ده‌بن له پێشخستنى جمهوورییه‌تدا.
هه‌ر ئینسانێك ئه‌گه‌ر تۆزێك ویژدانی تێدا بێت و سه‌یرى پیاوه به‌ته‌مه‌كان و ژن و منداڵه‌كانتان بكات، بۆى ده‌رده‌كه‌وێ كه تا چ ڕاده‌یه‌ك كاربه‌ده‌ستانى عه‌ره‌بى یه‌كگرتوو خۆیان فڕێ داوه‌ته باوه‌شى ئیستعماره‌كانه‌وه و ئه‌یانه‌وێ جمهوورییه‌ته‌كه‌مان له‌ناو به‌رن و ئه‌یانه‌وێ شك بخه‌نه ناو دڵى هه‌مووانه‌وه، كه ئێوه چۆن گه‌ڕاونه‌ته‌وه، هه‌تا بتوانن ڕێگایان بكه‌نه‌وه بۆ خۆیان و ده‌ست بخه‌نه ئیشوكارى جمهوورییه‌ته‌كه‌مانه‌وه و سیاسه‌تى یه‌كێتیى سۆڤیه‌ت له‌كه‌دار بكه‌ن، كه له هه‌موو كاتێكدا پارێزگاریى له گه‌لى عه‌ره‌بى و هه‌موو گه‌لانى جیهانى كردووه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه عه‌بدولناسڕ ئه‌و هه‌موو پڕۆپاگه‌نده ناشه‌ریفانه ده‌كات، برایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب ڕۆژ به ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێت و جمهوورییه‌ته‌كه‌مان به‌ره‌و دیموكراتیه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق و خۆشیى گه‌له‌كه‌ى و یه‌كگرتنى گه‌لانى عه‌ره‌بى ده‌ڕوات و هه‌وڵ ئه‌دات بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندیى نێوان گه‌لى عێراقی و سۆڤیه‌تى و هه‌موو گه‌لانى جیهان.
خۆم زۆر به به‌ختیار ده‌زانم، كه به‌م بۆنه‌یه‌وه زۆر سوپاسى پاپۆڕه‌وانه‌كانى پاپۆڕه‌كه بكه‌م و سوپاسى نوێنه‌رانى هیلالى ئه‌حمه‌ر (مانگی سوور و سه‌ڵیبى ئه‌حمه‌رى سۆڤیه‌تى (خاجی سووری سۆڤیه‌تی) بكه‌م و هه‌ندێ دیاریى گه‌لى عێراقى پێشكه‌ش به گه‌لى سۆڤیه‌تى هاوڕێ بكه‌م، به یادى ئه‌و خزمه‌ته‌وه، كه كردییان و به یادى هاوڕێیه‌تیمان.
بژى برایه‌تیى عێراقى و سۆڤیه‌تى
بژى جمهووریه‌تى عێراقى دیموكرات به سه‌ركردایه‌تیى عه‌بدولكه‌ریم قاسم.
بژى برایه‌تیى كورد و عه‌ره‌ب، بمرێ ئیستعمار و نۆكه‌ره‌كانى.
هه‌ر له ڕۆژنامه‌ى (ژین)، ژماره (1439)، ڕۆژى دووشه‌ممه، ڕێكه‌وتى 20/4/1959 لاپه‌ڕه (1)دا هاتووه:
به بۆنه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانییه‌كانه‌وه
مسته‌فا بارزانیی خه‌باتكار، سوپاسى سه‌رۆكى مه‌زن ئه‌كات
(هه‌موو پیلانێك له‌ناو ئه‌به‌ن و جمهووریه‌ت ئه‌پارێزن)
خه‌باتكارى خۆشه‌ویست مسته‌فا بارزانى، به بۆنه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى برا بارزانییه‌كانمانه‌وه، ته‌له‌گرافێكى بۆ سه‌رۆكى مه‌زن عه‌بدولكه‌ریمى قاره‌مان لێ داوه، سوپاسى بێپایانى ئه‌كات بۆ ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌ی كه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانییه تێكۆشه‌ره‌كان داى، كه له‌لایه‌ن ئیستعمار و نۆكه‌ركانیانه‌وه له نیشتمان دوور خرابوونه‌وه و به‌ڵێنى داوه كه هه‌موو گه‌لى كورد تا دواهه‌ناسه‌یان و هه‌تا هێزیان تێدا بێت، پارێزگارى له جمهوورییه‌ت بكه‌ن و هه‌موو پیلانێك له‌گه‌ڵ برا عه‌ره‌به‌كانیان و له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیى قاره‌مانى گه‌ل عه‌بدولكه‌ریمدا له‌ناو به‌رن.