وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گرێبەستی دابینکردنی ئامێری بیستۆک بۆ منداڵانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تەندروستی واژۆ کرد.
د. سامان بەرزەنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ”بەهۆی پێویستیی ئەو منداڵانەی کێشەی بیستنیان هەبوو، دوای دۆزینەوەی چارەسەری پێویست و هەڵسەنگاندنی لیژنە زانستی و پزیشکییەکان، بڕیار درا بە دانانی ئامێری بیستۆکی ناو گوێ بۆ منداڵانێک کە کێشەی بیستنیان هەیە.”
ئێستا 144 ئامێری بیستۆک بۆ منداڵانی پێویست کڕدراوە کە بە نەشتەرگەری لەناو گوێچکەی ناوەوە دادەنرێت و تێچووی هەر ئامێرێک 14 ملیۆن و 800 هەزار دیناری عێراقییە.
وەزیری تەندروستی وتیشی :” کە کۆی تێچووی ئەو ئامێرانە نزیکەی دوو ملیار و 250 ملیۆن دینارە تەنها بۆ کڕینی ئامێرەکان و نەشتەرگەرییەکانیش بەخۆڕایی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان دەکرێت.”