بانکی ناوه‌ندی 213 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 10/4/2023، لە ڕاگەیاندراوێکی بانکی ناوه‌ندیی عێراقدا کە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، هاتووە: ”213 ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش و حەواڵە فرۆشراوە.”

ئاماژە بەوەش کراوە کە لەو بڕەی خراوەتە ڕوو، 182 ملیۆن و 714 هەزار دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و 30  ملیۆن 950 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاشە.

نرخی فرۆشتنی ئەو بڕە پارەیەی حه‌واڵه‌ ده‌کرێ بۆ هەژماری بانکی لە دەرەوەی وڵات، بە هەزار و 305 دینار بۆ هەر دۆلارێک و نرخی فرۆشتنی کاش بۆ هاووڵاتییانی عێراقی بۆ هەر دۆلارێک هەزار و 310 دینارە.

بەراورد بە  دوێنێ، ئەمڕۆ دۆلاری کەمتر فرۆشراوە، چونکە دوێنی 282 ملیۆن دۆلاری خستبووە ڕوو.

ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 143 هەزار  دینارە، لە كاتێكدا كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بە  149 هەزار و 500 دینار بوو.

پێشتر د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەباند: “ڕێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق و كەمبوونەوەی پشتبەستن بە دۆلاری كاش و ئاسانكاریی پێدانی دۆلار بە كۆمپانیا و بازرگانەكان هۆكارە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای زیاتری دینار و دابەزینی نرخی دۆلار.”

هەفتەی ڕابردوو بانكی ناوەندیی عێراق، زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری خستبووە ڕوو، كە نیوەی زیاتری ئەو بڕە بۆ حەواڵە بووە.

دڵخوازەكانتان