باربارا لیف بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: پشتیوانی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەین

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد بەبۆنەی واژووکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەربڕی و  رایگەیاند، ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت.

هەر لە پەیوەندییەکەدا، باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا.

دڵخوازەكانتان