مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەو رێككەوتنە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی لەژێر فشار و پەلامارە میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەرباز کرد
لە توێژینەوەیەکی شیکاریی ئەکادیمیدا، سەبارەت بە ڕێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دیاریكردنی شایستەبەشی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسی بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵەوە، تیایدا توێژەر ئاماژەی بەوە داوە، کە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەو رێككەوتنە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی لەژێر فشار و پەلامارە میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەرباز کرد.
د.بەهرۆز جەعفەر، لە توێژینەوەیەکی شیکاریدا، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی (ئینستیتیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی)، سەبارەت بە ڕێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەدوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، بەناوی (تەختەی شەترەنجی نەوت لە عێراق: وزە، سیاسەت، دەسەڵات) بڵاوی کردووەتەوە، تیایدا باسی لەوە کردووە، کە لەم ڕێکكەوتنەدا عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی قازانجی کردووە.
لەو توێژینەوەیەدا هاتووە كە ڕۆژی سێشەممە (4 ی نیسانی 2023)، حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دوای 18 ساڵ لە نووسینەوەی دەستوور، توانییان بە ڕێککەوتنێک، یەكێك لە کێشە هەڵپەسێردراوە بەردەوامەکانی نێوانیان تا ئاستێکی بەرز چارەسەر بکەن، کە پێشووتر لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عێراق لە 2005، نەیانتوانیبوو بگەنە ئاستی چارەسەری. لێرەدا پرسیارە رژدەکە ئەوەیە، ئایا دەرفەتە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە و تا کوێیە؟ مەترسییەکانی بەردەم ئایندەی ئەم لێک نزیکبوونەوەیە دەکرێت چی بن؟
عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی براوە بوون
عێراق، لە ساڵی 2022دا بە بەهای 115 ملیار و 657 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، ئەوەش بە ڕادەی 53% زیاترە لەو داهاتەی کە وڵاتەکە لە 2021دا دەستی کەوتووە. پرۆژەیاسای بودجە، کە لە (11ی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، بۆ هەر سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025)ە، کە تیایدا مووچە و پشکی هەرێمی کوردستانی بە ڕادەی 12.6% یەکلا کردووەتەوە. بەپێی هەژمارکردنی 100 دۆلاری ئەمریکی بە بەهای 130 هەزار دینار. کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار. ئەمەش گەورەترین بودجەیە، کە لە مێژووی عێراقدا پێشتر نەبووە.
لەکاتێکدا، لەمیانەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس (ICC) یەوە، میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی بڕیاڕ چاوەڕێی تەنگژەیەکی گەورەی ئابووری و دیبلۆماسییان لەنێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەکرد، تیمەکانی دانوستانكار لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق، لەبەر رۆشنایی رێككەوتنی سیاسی بۆ دامەزراندنی ئەم حكوومەتەی ئێستای عێراق، توانییان بەخێرایی و لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەکە کۆنترۆڵ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن. ئەگەر ئەمە ڕووی نەدایە، عێراق و کابینەکەی سوودانی زیانێکی ئێجگار گەورەیان دەکرد، بەوەی:
– ڕۆژانە نەفرۆشتنی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقدا، بەتەواوی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی ئیفلیج دەکرد، کە هێشتا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هەر لە لانکەدا دەخنکێنرا.
– لە ڕووی دەروونی و میدیاییەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕۆژ بەدوای ڕۆژ تووشی جۆرەها قەیران دەبوونەوە، لەوانە: کەمبوونەوەی متمانە، خراپیی دۆخی بازاڕ، دابەزینی بەهای موڵک و عەقارات و لاوازیی وەبەرهێنان و … تادوایی.
– ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت نەکرایە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دەگەیشتە ئەوپەڕی گرژی، تورکیا و عێراق لە 2022دا 24 ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان هەبووە، ئەنقەرە بەنیازە لە 2023 ئەو ئاستە بازرگانییە بەرزتر بکاتەوە. لە بەرامبەردا، پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانیی پاریس، لەمیانەی سەردانی سوودانی بۆ ئەنقەرە، پرسی بەردانەوەی ئاو دەرەنجامی گرنگی هەبووە، کە زیادبوونی لێشاوی بەردانەوەکە لە تورکیاوە دەگاتە 1500 مەتر سێ جا لە چرکەیەکدا، کە دوو ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە پێشتر تورکیا بۆ عێراقی ڕەوانە دەکرد.
هەرێمی کوردستان لە کوێدا براوە بوو؟
ئەمجارەیان، ئەو هەڵمەتە میدیاییەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دژی هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی بەرپا کرا، زۆر بەهێزتر بوو لەو داکۆکییانەی کە هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی لە خۆیان دەکرد. بەوردی سەرنجدان، ئەوەی دەردەخست کە تەنانەت ئەندامانی حزبەکان و دڵسۆزانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، نەک لە ئاستی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەیدا نەبوون، بەڵکوو خۆیان ئامادە کردبوو کە کارەساتێک ڕوو دەدات و ئیتر ئەوە ئەوان نیین، کە سوودمەند بوونە لە داهاتی نەوت لەدوای 2003ەوە.
بەڵام، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتەنیا چووە ژێر باری ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەكە، کە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانیی پاریس هاتە ئاراوە، لە تەنیاییدا گوتی: “ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە دەسکەوتەکانمان وەرنەگرن.” کەواتە یەکەمین سوودی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا (تا ئەوکاتەی بودجە پەسەند دەکرێت و یاسای نەوت و گازی عێراقیش دەردەچێت) ئەوەیە، هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی لەژێر فشار و پەلامارە میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی دەرباز کرد.
ئەم ڕێککەوتنە، لە میدیادا وا وێنا دەکرێ، کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی سۆمۆ کردووە! بەڵام لە بنەڕەتدا وا نییە؛ بەڵکوو هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێک کەوتوون لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە – کڕیارەکانی کە پێشووتر لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە تۆمار کراون، چیتر نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەرزان و بە نرخی پێشووتر نافرۆشرێت، کە (9 بۆ 11) دۆلار خوار نرخی بازاڕ بوو، بەڵکوو بە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت. سەرباری ئەمانە، نزیکبوونەوەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاستی متمانەی نێوان هەردوولای بە جۆرێک زیاد کردووە کە پێشووتر لە عێراقدا زەمینەی وەها لەنێوان کورد و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکاندا دروست نەبووە.
هەموو ئەمانە بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر دەکات، کە لە مێژووی عێراقدا هیچ ساڵێک کورد ئەوەندەی بەرنەکەوتووە: پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بودجەدا زیاترە لە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دینار.
بەم جۆرە، عێراق و هەرێمی کوردستان سەرەتایەکی گرنگ و کاریگەریان لە ئەستێڵی پەیوەندییەکانیاندا تۆمار کرد.
ڕاسپاردەکان
یەکەم: هەرێمی کوردستان، بە سەدان هەزار گەنجی بێکاری هەیە، پێویستە خێرا بیر لەوە بکاتەوە، کە لە ڕێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە ئابوورییەکەی فرەسەرچاوە بکات، بۆ ئەوەی دەرفەتی کار زیاتر بکات، بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بکات، پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەمتر بکاتەوە. ئینجا ئەم کەرتی (کشتوکاڵ)ە بەرەو (پیشەسازی) وەربچەرخێنێت؛ ئەوەش سەرەتا بە (پیشەسازیی تەحویلی) دەست پێدەکات؛ واتە تەکنیک و ئەندازیاری هیندی و چینی و یابانی و ئەمریکی دەکاتە سەرمەشق، لەگەڵ ماددە سەرەتاییەکان (مەوادی ئەوەلی) لە دەرەوە. ئینجا ئیتر ئەمە پەیوەندیی بازرگانی و دیبلۆماسی و پاڵپشتیی سیاسییش مسۆگەر دەکات… ئیتر ئاوها بەم شێوەیە.
دووەم: گرنگییەکی دیکەی ئەم ڕێککەوتنە ئەوەیە، نێوەندگیریی ئاشکرای دەرەکیی تیایدا بۆ ماوەیەکی درێژ ڕۆڵی نەگێڕاوە. واتە تاکە پاڵنەری سەرەکیی هەردوولایەنی ڕێککەوتنەکە بوون، واتە لە ئایندەدا ئازا ئەوەیانە کە پاڵی لێ ناداتەوە و سەیری ئەستێرە زەرد و سوورەکانی ئاسمان بکات، بەڵکوو ئەمە کاتییە و هەڕەشەکان بەردەوامن، بۆیە تا دەکرێت بە ئاستێکی زیاتر سوودی جۆراوجۆر لە کات و لە دەرفەتەکە ببیندرێت.
سێیەم: بەرە بەرە پرسی غازی سروشتی دێتە پێشەوە. ئەوەی ئەم ماوەیە لە گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی بواری وزە لە جیهاندا گوێبیستی بووم ئەوەیە؛ ئەم ئاگرە لە جێگەیەک کراوەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە لە جێگەیەکی دیكەیە! ئەوەی ئەم پرسە تۆختر دەکاتەوە، دادگای نێوبژیوانیی پاریس، جگە لەوەی نۆ ساڵە ئەم دۆسیەیەی لەبەردەستدایە، دوو مانگ پێشووتریش ئەنجامەکەی یەکلا کردبووەوە، بەڵام بە ئاگاداریی ئەمریکا، فەڕەنسا، تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە چێشتخانەکەدا خەریکی سازکردن و پێچانەوەی چێشتەکە بوون، بەو جۆرەی ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە بە جۆرێک ئەنجام بدرێ، کە لە ئایندەدا شەرعییەت بداتە هەناردەکردنی غاز لە عێراقەوە بۆ ئەورووپا (بۆ ئەمریکا و ئەورووپا گرنگ ئەوەیە غاز و نەوت بە ڕێگەی دەریای سپیی ناوەڕاست “مێدیتریانە-Mediterranean”دا بچێت بەرەو ژوور). ئینجا غاز وەکوو نەوت نییە، نەوت بازاڕە، نەوتی خۆت دەفرۆشی و دۆلاری خۆت وەردەگری (ڕەشپێستی، سپی پێستی، سوننەی یان شیعە و بوودی، مەسەلەیەک نییە)، بەڵام غاز ڕاستەوخۆ بەستراوە بە پرسی جیۆپۆلەتیکەوە، تا ئاستێک، مانایەکی ئاسیایی هەیە. ئەمەش بە واتای، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ناوەندی بیرکەرەوە، توێژینەوە، لۆبیکردن، بەشداریی لە بازاڕ، لە گفتوگۆ، لە چۆنیەتیی ئاڕاستەکردنی ڕا و ڕای گشتی هەیە.