پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەی بوجە كرد

بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار، درەنگانی شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

دانیشتنەکە ئەنجومەنی نوێنەران، بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەچوو.

پاش خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە، موحسین مەندەلاوی داوای لە لیژنەی دارایی کرد تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی پڕۆژەیاساکە ئامادە بکەن، تا بەزووترین کات خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ بکرێت.

  • قەبارەی بودجەکە بە گشتی زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان %12.67ـە، هەروەها کورتهێنان لە بودجە 63 ترلیۆن دینارە، تێکڕای داهاتی عێراق 134 ترلیۆن دینارە.

رۆژی دووشەممە 13ـی ئاداری 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رەزامەندی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵیی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 نیشان دا و دواتر پرۆژەیاساکەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا.

دوای رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاند: “کورتهێنان لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، دەگاتە 63 ترلیۆن دینار كه‌ لە سەرچاوەی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە لەوانە، ئەو بڕە پارەیەی كه‌ لە وەزارەتی دارایی لە پشکی خولاوی گەنجینە لە بانکی ناوەندیی، قەواڵە و قەرزی ناوخۆ کۆکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە و گوتی: “لە بودجەی گشتیی ئەمساڵدا، بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە، لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت”.

باسی لەوەش کردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە.

دڵخوازەكانتان