گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبووینەتەوە

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاند، گفتوگۆکان بەشێوەیەکی ئەرێنی”  لە نێوان هەرێمی كوردستان  و حكومەتی ناوەندیدا بەڕێوەدەچن و هەردوو شاندەکە لە رێكکەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە. 

گوتیشی، لە داهاتوویەکی نزیکدا راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو شاندەکەوە بڵاودەکرێتەوە.

هەر لەوبارەوە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا راگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ  كۆبوەتەوە

هەر سەبارەت بەپرسی نەوتی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو بە چاودێری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، شاندی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی چڕ لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردووە و ئەنجامی باشی هەبووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە، دوو ئەندامیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم و دوو ئەندامیش لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارە لە داهاتوودا ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی هەناردەکردن و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، بە تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە،

هەروەها هەژمارێکی بانکی سەر بە بانکی ناوەندی عێراقی بۆ داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و تەنیا یەک کەس دەسەڵاتی راکێشانی پارەکەی هەبێت.

دڵخوازەكانتان