گوتەبێژی وەزارەتی نەوت: رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٣ ئاشكرای كرد، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەیە.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) ئاشكرای كرد، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی هەیە بۆ دەست پێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) كە پێویستی بە ڕەزامەندیی حكوومەتی فیدرالی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە بڕیار.

جەختیشی كردەوە كە وەزارەتی نەوت ویستی خۆی راگەیاندووە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە دەست پێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، پاشان چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكوومەت لەبارەی كێشەكانی دیكە دەست پێ دەكات. گوتیشی: ”هەرێمی كوردستان پابەندی هەیە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستی لەگەڵیاندا هەیە بۆ دەرهێنانی نەوت و پابەندیشی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە كە نەوتی خاویان بۆ دەنێردرێت و ئەوان بە شێوەی مانگانە پارەكەی دەدەن.“

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ئەم بابەتانە پێویستیان بە لێكۆڵینەوە و دانانی میكۆنیزمێك هەیە بۆ ئەوەی هەردوو لایەن لەسەری رێك بكەون.

باسیشی لەوە كرد كە ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی رۆژانە زەرەر لە عێراق دەدات لە بودجەی گشتیی فیدرالی بەو جۆرەی بڕیاری لێ دراوە، هەروەها زیان بە هاووڵاتییانی عێراقی لە هەرێمی كوردستان دەدات.

رۆژی شەممەی رابردوو ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، پاش دەرچوونی بڕیاری كۆتایی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی سەر بە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا راگیرا. لە هەمان رۆژدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنی عێراقی بەردەوام دەبێت. هاوكات مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند: ”ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن.“

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا و بە بڕیارێكی تاكڕەوانە، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی راستەوخۆ بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا دەستی پێ كردووە.

دڵخوازەكانتان