وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێ بۆ دەرماڵەیەكی فەرمانبەران دەدات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندن و پێدانی دەرماڵە، ڕێنوێنییەكی خۆی هەموار دەكات و بڕیاری تازە دەدات.

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە لە 26ی 3ی 2023، دەرچووە تایبەتبە هەمواركردنەوەی ڕێنوێنییەكی تایبەت بەو فەرمانبەرانەی كە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن دەدەن بە مەبەستی هەمواركردنەوەی بڕوانامەكانیان.

ئەوە هاتووە: “ئەگەر فەرمانبەر بە شێوەی كۆتایی خوێندنی تەواو كرد، كاتێك كە لە دەوام دەستی بەكار كردەوە و پاش یەكسانكردنی بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، ئەوە شایستەی دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ خەرج دەكرێت.

ئاماژە بەوەش كراوە: “ئەگەر فەرمانبەر دەستبەكار بووەوە و بڕوانامەی پێشكەش نەكرد، ئەوە لە ڕێكەوتی پێشكەشكردنی بڕوانامەكەی و پاش یەكسانكردنی بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ خەرج دەكرێت.”

وەزارەتی دارایی بڕیاری ئەوەیشی داوە: “ئەو فەرمانبەرانەی كە لە دەرەوەی وڵات بڕوانامە بەدەست دەهێنن، لە ڕێكەوتی پێشكەشكردنی بڕوانامەكانیانەوە دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەو مەرجەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا، یان پەروەردەوە بڕوانامەكە یەكسان بكرێت.”

بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: “ئەو ڕێنوێنییە پەیوەندیی بەو فەرمانبەرانە نییە كە لە ناوخۆدا مۆڵەتی خوێندنیان وەرگرتووە، بەڵكوو پەیوەندیی بەو فەرمانبەرانەیە كە لە دەرەوەی وڵات مۆڵەتی خوێندنیان هەیە و بڕوانامەیان بەدەست هێناوە “.

بەرپرسەكەی دارایی ئەوەیشی خستە ڕوو: پێشتر لە ساڵی 2014 ڕێنوێنییەك بۆ ئەو فەرمانبەرانە هەبووە و ئێستا هەموار كراوەتەوە و بەپێی ڕێنوێنیی تازە بڕوانامەیان هەموار دەكرێتەوە و دەرماڵەشیان بۆ خەرج دەكرێت.”

بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی دڵنیایی بە فەرمانبەران دا و گوتی: “هەر فەرمانبەرێك بە شێوەی یاسایی خوێندنی خۆی كردبێ و بڕوامەی بەدەست هێنابێـت، ئەوە بڕوانامەكەی هیچ كێشەی نابێت، بەڵام فەرمانبەرێك بەدەر لە یاسا خوێندنی كردبێت ئەوە بڕوانامەكەی بۆ ئەژمار ناكرێت”.

دووپاتی كردەوە، ئەو بڕوانامانە هەموار ناكرێن و ئەژماریش ناكرێن كە مۆڵەتی خوێندنیان نەبووبێت.

وەزارەتی دارایی بۆ مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران چوار ڕێنوێنیی هەیە، لەوانە ڕێنوێنیی ژمارە 19ی ساڵی 2010، ڕێنوێنیی ژمارە 13ی ساڵی 2014، ڕێنوێنیی ژمارە 11ی ساڵی 2016 لەگەڵ ڕێنوێنیی 6ی ساڵی 2018.

دڵخوازەكانتان