ھەرێم بەرەو قۆناغێکی نوێ

تەنیا کوردی

ئەم قۆناغەی ھەرێم پێیدا تێدەپەڕێ، قۆناغێکی ھەستیارە، ئەمە کەوتن نییە تا پێشوەختە خەڵکانێک زەماوەندی کەوتن بگێڕن، بەڵکوو پێشوەختە چونە نێو قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا رێککەوتنێکی جێگیری نێوان ھەولێر و بەغدای دەوێ.

رۆژھەڵاتی ناوین لە بەردەم ھاوپەیمانی نوێدایە، لێکەوتەی ئەم ھاوپەیمانێتییە خەتی ئابووری وسیاسی بە عێراقیش تێدەپەڕێ، ئەم بەشەی کە فشارە لەسەر ھەرێم و عێراق، بریتییە لە رێککەوتنێکی نوێ، دەسپێکی ئەم رێککەوتنەش ئێستا نییە، بەڵکوو دەمێکە لەنێوان ھەولێر و بەغدا بە پشتیوانی ئەمریکاو بێدەنگی وڵاتانی ئیقلیمی، وەرەقەی رێککەوتن دێ و دەچێ.

تازە بابەتی نەوت و وزە دەکەونە نێو رایگەیاندن، بەڵام دەمێکە ئەم بابەتە لەنێوان ھەولێر و بەغدا رێگەچارەی بۆ دانراوە و لە کابینەی نوێی عێراقیش وەرقەی رێککەوتن سەنەد کراوە، ئەم رێککەوتنە بریتی نییە لە بارمتەکردنی ئابووری ھەرێم و کەوتن، بەڵکوو بەشێکە لە ھەڵسانەوەی پێگەی ھەرێم،  وڵاتانی زلھێز بۆ پێگەی کورد فشاریان ھەیە کە لە عێراقدا دەبێ بوونێکی بەھێزی کورد ھەبێ، بە پێچەوانەی راپۆرتە میدیاییەکان کە لێرەو لەوێ بەبێ زانیاری، شرۆڤەی ئەم بابەتە دەکەن، ھەرێم بەبێ ھەلای مێدیایی و لە نەفەسێکی ئارامەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتووە و لە کۆتاییشدا بە ھەر ئەنجامێک براوە دەبێ.

ئەمەی یەقینە، خەتی ھەڵسانەوە و شکستی عێراق بە ھەولێر تێدەپەڕێ، بۆیە دروستکردنی بەرژەوەندی ھاوبەش لەنێوان ھەولێر و بەغدا ئەگەر لەم نزیکانە راستەڕێ ببێ، ھەم بۆ ھەولێر و ھەمیش بۆ بەغدا قازانجێکی ھاوبەشە بۆ ئەو خەتە ئابوورییەی کە لەدوای لێکەوتەی جەنگی ئۆکڕاین بە ناوچەکەو عێراق تێدەپەڕێ.

ئەم خەتە بە سەقامگیری نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش دەستپێدەکا، ھەر ئەمەش داواکاری نێودەوڵەتییە کە دەبێ رێککەوین، چونکە پاکێجەکە بەتەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو چەندین حساباتی دیکەی سیاسی و ئیقلیمیی و خەلیجی و نێودەوڵەتی لەخۆ گرتووە و ھەولێر و بەغدا لەبەردەم ئەم پاکێجەدا دەبێ نزیک لەیەک بۆکسەکە بکەنەوە و بەھاوبەشی کارتەکانی خۆیان لەناو بۆکسەکەدا دابنێن.

دواجار لەسەر مێزی دانوستان کورد بوونێکی بەھێزی ھەیە، چونکە نە ناچارە نەوتی خۆی رادەست بکات، نە فشاری کەوتنی ئابووری ھەرێم ھەیە، راستە راگرتنێکی کاتی ھەیە، بەڵام بەدوایدا قۆناغێکی نوێی ئابووری بۆ ھەرێم ھەیەو لەگەڵ دەسکردنەوە بە رۆیشتنی نەوت، کەشێکی ئەرێنی و دانپێدانانێکی دیکەی نوێ بە کەرتی وزەو نەوتی ھەرێم ھەیە.

بۆ ھەولێر سێ بنەمای سەرەکی ھەن:

١-پارێزگاری لە ئابووری ھەرێم لە رێککەوتنی نەوت و وزە کە پێشوەختە رێککەوتن کراوە، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردن تا دەرچونی یاسای نەوت و غاز بە رێککەوتنێک چارەسەر دەکرێ و دواتر لە یاساکە بنەماکانی جێگیر دەکرێن، ئەمە پێشوەختە کەشێکی ئەرێنی دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆکان و نەوت ھەناردە دەکرێ و ئابووری ھەرێم بارمتە نابێ، بەڵکوو بەرگێکی نوێی دەولی لەچوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی عێراق دەپۆشێ کە ئەمەش ھەنگاوێکی دیکەیە کە بە قازانجی کورد دەشکێتەوە.

٢-رێککەوتن لەسەر پرسی کێشەکانی دیکەی دەرەوەی نەوت و غاز، دەوری کورد لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و گەڕانەوەیەکی دیکەی بەھێزی کورد لە بەغدا، ئەمەش ئەگەر وەبەرھێنانی سیاسی تێدابکرێ، لەو شوێنانەی بە شەڕ لێی دەرچوین، بە ئاشتی و ھەڵبژاردن لێی بەھێز دەبینەوە.

٣-ھاوسەنگی لە ھاوکێشەی ئیقلیمی و کرانەوەی دەرگای نوێ بۆ قۆناغێکی تازە کە ئەمەش پێویستی بە کاتەو لەگەڵ ئەم قۆناغە تازەش دیپلۆماسیەتی کورد دەتوانێ بەرەو قۆناغێکی تازە ھەڵکشێ.

دڵخوازەكانتان