بانکی ناوەندی: جیاوازی نێوان نرخی فەرمی دۆلار، لەگەڵ بازاڕ كەم دەبێتەوە
بەرپرسێکی بانكی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی داهاتوودا جیاوازی نێوان نرخی فەرمی دۆلار، لەگەڵ بازاڕ كەم دەبێتەوە و دەشڵێت: “دەركردنی بڕیارێك سەبارەت بە ئەگەری چاپكردنی دراوی 20 هەزار دیناری هەیە”.
محەمەد مونیر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: “پاكێج و ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق بەشداربوون لە سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار و پێشبینی دەكرێت كەمبوونەوەی جیاوازی نێوان نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی و هاوتەریب لە ماوەی داهاتوودا لە كاتی پاكێجی یەكەم و دووەم و سێیەمی بانكی ناوەندی دەربکەوێ”.
محەمەد مونیر ئاماژەی بەوەش دا: “بانكی ناوەندی لە نوێكردنەوەی بەردەوامدایە بۆ هەموو ڕێكارەكان، هەر هەنگاوێك كە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و ڕادەی وەڵامدانەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕ دەبێت”.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا کە بەھۆی خستنەڕوویی بڕێکی زۆر دۆلارەوە پێشبینی دەکەن بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبێتەوە.
سەبارەت بە چاپكردنی دراوی نوێیەكانی نەختینە، گوتی: “فەرمانگەی دەركردن و گەنجینە كاردەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە ئەگەری چاپكردنی پارەیەكی نەختینەیی جۆری 20 هەزار دیناری، و لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری چاپكردن یان چاپنەكردنی وەردەگرێت”.