گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا: زۆریی ڕێژەی بارانبارین كاریگەری لەسەر زیادبوونی كارەبا دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “زۆریی بارانبارین و گلدانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری كارەبا لە هەردوو وێستگە كارۆئاوییەكە”.


ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: ”بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، جگە لە وێستگەكانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی كارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دووكانن.”


بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێك بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حكومەتی فیدراڵ دادەڕێژرێت؛ بەم شێوەیە كارەبا لەو دوو وێستگەیە بەرهەم دەهێنرێت و تێكەڵ بە تۆڕی كارەبای نیشتمانیی هەرێمی كوردستان دەكرێت.


ئومێد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ”خۆشبەختانە هەردوو بەنداو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوێكی زۆریان گل داوەتەوە كە سەرووی 300 مەتر سێجا ئاو لە چركەیەكدا ڕژاوەتە بەنداوەكان و ئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان 492.43 مەترە و ڕێژەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چركەیەكدا. سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو 468.80 مەترە و ڕێژەی گلدانەوەی ڕۆژانەی ئاو 173 مەتر سێجایە لە چركەیەكدا.”

دڵخوازەكانتان