کەشناسی: لە 12 کاژێردا زۆرترین باران لە سلێمانی و کەمترین لە هەڵەبجە باریوە

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 12 کاژێری رابردوودا لە سلێمانی زۆرترین و لە هەڵەبجە کەمترین باران باریوە. کەشناسێکیش دەڵێت، لە هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ و لە سلێمانی و هەڵەبجەش تاوەکو سبەی ئیوارە ناوبەناو بارانبارین بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی دووشەممە 27ی ئاداری 2023ی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەدوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە تاوە باران و هەورە برووسکە دەبێت و بۆ ئێوارە کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە بۆ شێوەی نمەبارانی پچڕ پچڕ.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممەوە، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نیوەڕۆ بۆ ئێوارە ئەگەری نمەباران لە ناوچە شاخەوییەکان هەیە و پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 2 بۆ 3 پلە بەرز دەبێتەوە.

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە 12 کاژێری رابردوودا و تاوەکو کاژێر 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، لە هەولێر 12 ملیمەتر، لە سلێمانی 26.3 ملیمەتر، لە دهۆک 20.2 ملیمەتر، لە هەڵەبجە 6.5 ملیمەتر و لە کەرکووک 9.5 ملیمەتر باران باریوە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئاداری 2023 ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە بارانبارین لە هەولێر و دهۆک بەردەوام دەبێت و دواتر دۆخەکە لەو دوو پارێزگایە جێگیر دەبێت. سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش گوتی، “تاوەکو ئێوارەی سبەی بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێکی گەرمیان ناوبەناو بەردەوام دەبێت.”

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، سبەی پلەی پێشبینیکراوی گەرما لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

هەولێر: 20 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 14 پلەی سیلیزی

دهۆک: 18 پلەی سیلیزی

کەرکووک: 20 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 15 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی

سۆران: 14 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 21 پلەی سیلیزی

دڵخوازەكانتان