هێمن هەورامی: ئەمساڵ هەر دەبێت هەڵبژاردن بكرێت

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، له‌مساڵدا هه‌ر ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ پێویستییه‌كی ژیانیی و سیاسیی و یاساییه‌.

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند: “دیاری كردنی رۆژ و واده‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندبوونه‌ یاساییه‌كانه‌ و هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نیوه‌ی رێگاكه‌یه‌ و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی په‌رله‌مانی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندایه‌، وه‌كوو دەشزانن بابه‌تی هه‌ڵبژاردن، بابه‌تێكی هه‌ستیاری سیاسییه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، وه‌ پابه‌ندبوونێكی یاساییه‌، بۆیه‌ ته‌نیا فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ناتوانن به‌و كاره‌ هه‌ڵبستن، به‌ڵكو ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش پاڵپشتی فراكسیۆنه‌كانیان بن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌بێت.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، “كات له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ ته‌نیا له‌ پێناو گفتوگۆدا بكه‌ین، به‌ڵكوو ده‌بێت له‌ كاتێكدا ده‌رئه‌نجامێك هه‌بێت و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا شتێك نییه‌ به‌ناوی سفر یان سه‌د، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان جۆرێك له‌ سازش بكه‌ن و پێموایه‌ تا ئێستا به‌شێكی باشی سازشه‌كان كراوه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.”

جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی كوردستان، له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش له‌و واده‌یه‌ی كه‌ دیاریكراوه‌، گوتی: “ئه‌مساڵ هه‌ر ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ خواستی ته‌واوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌.”

گوتیشی: ”لێتان ناشارینه‌وه‌ كه‌ هێشتا ناكۆكی و جیاوازیی بیروبۆچوون له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و ناكۆكییانه‌، ئێستا هێزی نوێ و خه‌ڵكی تر له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ئه‌و لایه‌نانه‌شی ئێستا له‌ناو پرۆسه‌كه‌دان، پێویستییان به‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێمان وایه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێویستییه‌كی ژیانیی و سیاسی و یاساییه‌، باسكردن له‌ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنیش له‌م كاته‌دا، ئامانج لێی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستانه‌.”

له‌باره‌ی ئه‌و راپۆرتەشی كە لە گۆڤارێكەوە بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هێرشی كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان، هێمن هه‌ورامی گوتی: “ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ هیچ بەهایەكیان نییه‌ تا ئێمه‌ وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستانیش له‌ زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ باشتر و پێشكه‌وتووتره‌، هه‌وڵی زیاتریش ده‌درێت بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ نێرده‌ و دامه‌زراوه‌ دیبلۆماسییه‌كانی و‌ڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان، پابه‌ندی عورف و یاسا نێوده‌وڵه‌تی و دیبلۆماسییه‌كان بن.”

دڵخوازەكانتان