لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری لە پسوولەی بەشە خۆراكدا دەكرێت
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە دهۆكەوە كارتی تازەی ئەلیكترۆنیی پسوولەی خۆراك دەست پێدەكات و دواتر هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: “بۆ بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، لە دهۆک یەکەم کۆبونەوەمان کردووە و بەم نزیکانە دەست بەئامادەسازی دەکرێت، ئەویش بەهاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی فیدراڵ.”
ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆسەكە لە دهۆك دەست پێدەكات، گوتیشی: “بۆ ئەوەی پسوولەی خۆراک لە دهۆک بكرێتە كارتی ئەلیكترۆنی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بازرگانیی ناوخۆ و بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ستافی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کۆبوونەوەمان كردووە و هەنگاوەکانی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەمان گفتوگۆ کردووە و پلانی گونجاو داندراوە و لەنزیکترین کاتدا دەستی پێدەكرێت.”
ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند: “بۆ جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكانی وەزیری بازرگانی و بە هاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، بۆ گفتوگۆکردن و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ کارکردن لەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی لە دهۆک و تەواوی پارێزگەکان دیكەی هەرێمی كوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە پارێزگای دهۆكدا كرا.”
ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە کۆبوونەوەکە پەرەپێدانی ئاماری ورد بۆ خێزانەکان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکان و بابەتە لۆجستییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە، لەوانە: “پلانی تۆمارکردن و پێشکەشکردنی چارەسەرێکی دیجیتاڵی و ناسینەوە و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان و پێویستیی تۆمارکردنی ئاوارەکان و پەرەپێدانی ئاماری ورد بۆ ئەو خێزانانەی لە کەمپەکاندا دەژین، بە مەبەستی داڕشتنی پلانی تۆمارکردنی بەرفراوان.”
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: “پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی کارتی بەشەخۆراک یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی، کە بەهۆیەوە وەزارەتی بازرگانی هەوڵ دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی لە کاری کاغەزەوە بگوازرێتەوە بۆ کاری ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەموو ڕێکارەکانی پەیوەست بە کارتی بەشەخۆراکی ئاسانتر دەکات.”
وەزارەتی بازرگانیی عێراق 27ی ئهیلوولی 2022، دەستپێکردنی دابەشکردنی فۆرمی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی بەسەر دانیشتووانی گەڕەکێكی پارێزگای نەجەف ڕاگەیاند.
ئەو كارتە ئەلیكترۆنییە، لە زۆر لە فەرمانگەکانی حکوومەت دەتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت و دەشتواندرێت لەدایكبووی تازەی بۆ زیاد بكرێت و ناوی كەسی مردووش بسڕدرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەخت دەكاتەوە: “ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی پسوولەی بەشەخۆراک، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا بگونجێت و ڕێگریی بکات لە حاڵەتەکانی دەستکاریکردن.”
لە مانگی رابردوودا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پەسەندكردنی كارتێكی ئەلیكترۆنی كرد بۆ هەر سەرۆك خێزانێك، كە بەشەخۆراكی مانگانەی هەیە، سوودانی، وەزارەتی بازرگانی راسپاردووە، بەمەبەستی وەستاندنی بەهەدەردانی پارەی گشتی، بەزووترین كات ئەو بەرنامەیە تەواو بكات.”