ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ڵامی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و وه‌ڵامی ئه‌و ڕاپۆرته‌ی دایه‌وه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌:

رۆژی ٢١/٣/٢٠٢٣ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە لە چەند بەشێکیدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان وەڵامی بەشێک لەو تێبینی و سەرنجانە دەداتەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە.

بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زؤر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ئاشكرایە کە لە هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشت بە چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە هەڵوێستەکانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەکان بشوێنن.

سەبارەت بە کەیسی ژمارەیەک لە گیراوان کە ئاماژەیان پێکراوە، لێرەدا پێویستە ئەوە روون بکرێتەوە ئەم کەیسە یاساییانە هەرچەندە پەیوەندییان بە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەبووه، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پڕۆسەی دادگایی کردنیان بە ئاشکرا و شەفافانە بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکان و پەرلەمانتاران، بێ ئەوەی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە هەوڵەکان بکات بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و ئەمن سەقامگیری هاووڵاتیان.

لە لایەکی ترەوە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە زانیاری و داتای ورد پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لە رێگای کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر، بۆ ئەم مەبەستەش لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ زانیاریمان پێشکەش کردووە، بەڵام ديارە بەمەبەست ئاماژەیان پێنەکراوە و وەکو پێویست پشتیان بە زانیاریەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان نەبەستووە بۆ ئەوەی راپۆرتەکە زیاتر شەفاف و بێلایەن بێت و هەڵوێستی لایەنی بەرامبەریش وەربگرن نەک تەنیا تاکلایەنە و بە ئارەزووی خۆیان شت بنووسن.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، سیاسەت و رێوشوێنی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر بەڵام لە راپۆرتەکەدا ئەم بابەتەی بە هەند وەرنەگیراوە. لە هەمان کاتدا بە پێوەری جیاواز مامەڵە دەکات وەک ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کە لە ساڵی ڕابردوو لە هەولێری پایتەخت رووی دا و بووە هۆی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، کەچی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکی لەگەڵ تۆمەتباری سەرەکیی تیرۆرکردنەکە کۆدەبنەوە و وێنە دەگرن.

مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنیان نییە.

سەبارت بە پرسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەیەکی گشتگیری داڕشتووە لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) كه له ڕۆژی ١٥/٩/٢٠٢٢ پەسەند کرا، پلانەکە لە (٢٧) بەش پێکهاتووە ئامانجی بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە لیژنەیەکی پزیشکیی تایبەت پێکهێنراوە و پشکنینی بۆ (٩٥٧٨) خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامداوە، بەپێی بڕیاری لیژنەکە (٤٦٦٤) خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێژەی پێویستیان هێناوە.

بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی (٤٠٠٠) ئەفسەر و کارمەندی پێشمەرگە لە هەردوو ڕەگەز سوودمەند بوونە لە بابەتەکانی مافی مرۆڤ و جێندەر و پاراستنی خەڵکی سڤیل، زیاتر لە (٥٠٠٠) نامیلکەی ڕێساکانی هەڵسوکەوتی پێشمەرگە بە ناوی (پێشمەرگە جەنگاوەرە، بکوژ نییە) چاپکراوە.

سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خراوەتە سەر، دووپاتی دەکەینەوە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرک و بەپرسیاریەتییەکانی لەسەر بنەمای لامەرکەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە هاوکات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێکی ئەمنی یەکگرتوو.

دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی سەربەخۆیە و حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت و پابەندە بە سیستمێکی یەکگرتووی هاوسەنگ و دەست ناخاتە نێو ڕێوشوێنە دادوەرییەکان. هەروەها هەوڵ دەدات پڕۆسەی دادوەری، دادپەروەرانە و شەفاف و لێپرسراوانە بێت بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین بە مەبەستی نەهێشتنی گەندەڵی، حکومەتی هەرێم لە چاکسازییە هەمەلایەن و گشتگیرییەکانی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. بۆ نموونە وەزارەتی دارایی و ئابووری (٤٣) ڕێنمایی و (٣٠) گشتاندنی لەمبارەیەوە دەرکردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای دهۆک (١٤٤)ی گەندەڵی کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. لە پارێزگای هەولێر تا ئێستا (٢٥) کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. لە پارێزگای سلێمانی تا ئێستا (٦٩) کەیس ئیحالەی دادگا کراوە. دووپاتی دەکەینەوە دەستەی دەستپاکی بەردەوامبووە لە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی گەندەڵی. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ دا (٤٩٣) بڕیاری دادوەری (ئامادەبوون و دەستگیرکردن) دەرچووە کە(٣٣٧) یان جێبەجێکراوە، هاوکات (٤٠٤) کەس بە گەندەڵی تۆمەتبارکراون کە بەڕێوەبەری گشتی، خاوەن کۆمپانیا و بازرگان لەخۆدەگرن. بەدەر لەمانەش (١٠٢) کەیس لە دادگا یەکلاییکراونەتەوە و (٤٦) کەس حوکم دراون.

لە پاڵ یاسای چاکسازیی کابینەی نۆیەم بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان (٢٠٢١-٢٠٢٥)ی پەسەند کردووە کە رووبەڕووبوونەوەی گەندەلی دابەشی سێ بەش کراوە، لەوانە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و کەرتی تایبەت و میدیا و لایەنە سیاسییەکان. بۆ جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژیەتە، سوود لە توانای دەرەکیش وەردەگیرێت، وەکوو بانکی نێودەوڵەتی و زۆر لایەنی دەرەکیش ئامادەیی خۆیان نیشان داوە ھاوکار بن.

جەخت لەوە دەکەینەوە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ پابەند بوونی بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتییەکان و ئازادییە بنەڕەتیەکان، هەنگاوەکانیش بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن ۆ پێکەوەژیانە لە نێوان هەموو پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان. ئەویش بە جێبەجێکردنی چەندین ڕێوشوێن کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەروەری یاسا و دڵنیابوونە لەوەی کە هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

حکوومەتی هەرێمی كوردستان کار دەکات بۆ دەستەبەر کردن و وەرگرتنی ڕاهێنان و پاڵپشتی لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەسەر بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

جەخت لەوە دەکەینەوە حکوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە بەرەوپێشبردنی بنەما دیموکراسیەکانی وەک ئازادییەکان، شەفافیەت، یەکسانی جێندەری و پێکەوەژیان. ئەم بەهایانە وایکردووە هەرێم گەشەسەندنێکی بەرچاوی کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها حکومەت یارمەتیدەر بووە بۆ فەراهەم کردنی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان تێیدا سەروەربن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکەین حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەکی کارا گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درێژەپێداوە و پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لەسەر سیاسەتی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و گەشەسەندنی ئابووری بەردەوامە.

لە ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی تێروتەسەلی راپورتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدەینەوە.

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان

٢٣/٣/٢٠٢٣

دڵخوازەكانتان