دوای نزیکەی ساڵێک وەستان لە ناردنی بەنزینی 690 دیناریی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ناردنی بەنزین بەو نرخە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دەستیپێکردەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر دەڵێت ، لە هەولێر دوو جۆر بەنزینی 690 دیناری دابەش دەکرێت، ئەوەی بە تاکسی دەدرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت، ماوەی چەند رۆژێکیشە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەنزینی 690 دیناری بۆ هەولێر دەنێردرێت و دەدرێتە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاس.
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، کە رۆژانە پێنج تانکەر بەنزینی 690 دیناری عێراق دەگاتە هەولێر کە 180 هەزار لیترە و دەدرێتە ئۆتۆمبێلی تایبەت و پاس.
لە پشکی پارێزگای هەولێر رۆژانە تانکەرێک بەنزیکی 690 دیناری عێراق، کە 36 هەزار لیتری تێدایە رەوانەی سۆران دەکرێت.
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت دوو رۆژە ناردنی بەنزینی 690 دیناریی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەستیپێکردووەتەوە و هەموو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتیش دەتوانێت بەو نرخە بەنزین وەربگرێت.
بە گوتەی سەلام عومەر، رۆژانە 6 تانکەر بەنزین رەوانەی ئەو سنوورانە دەکرێن کە هەریەکەیان 36 هەزار لیترە؛ سێ تانکەریان بۆ سلێمانی، یەک بۆ هەڵەبجە، یەکێک بۆ گەرمیان و یەکێکیشیان بۆ ئیدارەی راپەڕینە.
وێڕای دابەشکردنی بەنزینی 690 دینار بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت، نرخی بەنزینی بازرگانی وەکو خۆی ماوەتەوە، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی، نرخی بەنزین وەکو خۆی ماوەتەوە و لیتری نۆرماڵ 975 دینارە.
پێش ناردنی بەنزین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەنزینی بۆ تاکسییەکان بە نرخی لیتری 690 دینار دابین دەکرد و بەردەوامە.
ناردنەوەی بەنزین بە نرخی 690 بۆ لیترێک بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 13-03-2023 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای پەسند کرنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی ساز کرد و گوتی، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە رێککەوتن.