به‌شی چواره‌می پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابه‌شده‌كرێت

بەشی چوارەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ پارەی گەنمی ساڵی 2021 گەیشتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی دەکرێ.

 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی به‌ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی سلێمانی پرێسی راگەیاند:” بەشی چوارەمی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی 2021 دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ گەیشتنی دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

(پارەی گەنمی جووتیاران بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت، سلێمانی یەک ملیار و 450 ملیۆن دینار، هەولێر 950 ملیۆن دینار، دهۆک 150 ملیۆن دینار، کە کۆی گشتیی دەکاتە دوو ملیار و 550 ملیۆن دینار )

نەوزاد شێخ کامیل وتیشی :” دوای دابەشکردنی بڕە پارەی بەشی چوارەم 48 ملیاو 67 ملیۆن و 609 هه‌زار دیناری عێراق دەمێنێت تاوەکو هەموو جووتیارەکان پارەکانیان وەربگرن.

کۆی گشتیی ئەو پارەیەی تائێستا لەلایەن عێراقەوە نێردراوە نزیکەی 17 ملیار دینارە. ئەو گەنمەی کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراقیان کردووە، بایی نزیکەی 65 ملیار دیناربووە.

جگە لە پارەی گەنمی ساڵی 2021، لە پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ی جووتیاران سێ بڕی دراوە و بڕی چوارەمی ماوە، کە زیاتر لە 127 ملیار دینارە.

دڵخوازەكانتان