ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: تەنیا کەوتنەخوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی 7 کەس پشتڕاست دەکەینەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە سنووری دهۆک و گیانلەدەستدانی چەند کەسێک راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، “ئێمە تا ئێستا تەنیا کەوتنەخوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی حەوت کەس پشتراست دەکەینەوە”.

دەقی راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان:

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زانیاریی زیاتر لەسەر کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە شەوی 16/15ی ئاداری 2023 دەخاتەڕوو.

دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوی سەرەتایی خۆیدا ڕوونی کردەوە کە یەک هێلیکۆپتەر کەوتووەتە خوارەوە و چەند کەسێکیش گیانیان لە دەست داوە کە بەپێی بەڵگەکان سەر بە پەکەکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە رێکەوتی 17/3/2023 بڵاوبووەتەوە هەسەدە دانی بە کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی 9 کەسدا ناوە کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتن، بەڵام ئێمە تا ئێستا تەنیا کەوتنەخوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی 7 کەس پشتڕاست دەکەینەوە.

ئەو هێلیکۆپتەرانە لەنێوان رۆژئاڤا و سلێمانی فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێم ئاگادار بکەنەوە.

بەپێی زانیاری و بەڵگەکانی بەردەست ئەم هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی پارێزگای سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاڤاش دەفڕن.

زانیارییەکان وا دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بە شێوەیەکی نهێنی و نافەرمی ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هێزەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون.

لێرەدا داوا لە هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین، ڕوونکردنەوە بدەن کە ئەم هێلیکۆپتەرانە بە کام مۆڵەت لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەفڕن و کێ بەرپرسیاریەتی ئەم کارە نایاساییانە هەڵدەگرێت؟

دڵخوازەكانتان